سلێمانى
ئەو خانووە دێرینەى بڕیاربوو ببێت بە بەشێک لە بنیاتنانەوەى شار، ئاگرى گرت و رووخان
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
ئەو خانوەى بڕیاربوو ببێت بە بەشێک لە پڕۆژەى بنیاتنانەوەى شارى سلێمانى، ئاگرى گرت و رووخا.
خانوەکە، خانوویەکى کەلەپوورییە و کەوتووەتە گەڕەکى شێخانى شارى سلێمانى، ماوەى زیاتر لە 10 ساڵە چۆڵە و وەک بەشێک لە ناوچە شوێنەوارییەکان پارێزراوە.
شەوى چوارشەممەى رابردوو، بەشێوەیەکى نادیار سووتا و بەهۆیەوە بەشێکى زۆرى خانووەکە رووخا.
شارەوانى سلێمانى لەوحەیەکى لەسەر دیوارى حەوشەى خانوەکە داکوتاوە و لەسەرى نوسیویەتى،”بە مەبەستى دروستکرن و دابینکردنى چالاکى کلتورى و کۆمەڵایەتى کە بەشێک دەبێت لە پڕۆژەى بنیاتنانەوەى شار، ئەم خانوە نۆژەن دەکرێتەوە”.
قادر عەبدوڵا دانیشتوی گەڕەکی شێخان بە 964ـى وت، خانووەکە پارێزگارى لێ نەدەکرا، ببوە خانەى بێنەوایان و رێبواران و خەڵک تێیدا دەمایەوە و کەسانێکیش خانووەکەیان بۆ خواردنەوەى کحولى بەکاردەهێناو تێیدا دادەنیشتن و ئاگریان دەکردەوە.
لەسەر رووداوەکە، حسێن حەمە غەریب بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە 964ـى وت، ئەو خانوە موڵکی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانییە و لە بەیانیەوە بەشی یاسایان دەنێرن بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر ئەو بابەتە.
ئەوەی خستەڕو، ئەو خانوە لە ماوەی ڕابردودا دراوە بە ڕێکخراوێک بۆ ئەوەی نۆژەن بکرێتەوە و بکرێتە شوێنێکی کەلەپورى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح