گەرمیان
لە رووداوێکی هاتوچۆدا دوو کەس کە باوک و کوڕن سووتان و گیانیان لەدەست دا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کەمێک پێش ئێستا لەسەر رێگای کەلار – کفری نزیک گوندی وەلی ھەیەر، رووداوێکی ھاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل روویدا، بەھۆیەوە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان ئاگری گرت و دوو کەس سووتان و دواتر گیانیان لەدەستدا.
سامان عەلی وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی وت، رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لەجۆری مارسیدس و هیوندای سۆناتا بووە، بەھۆیەوە دوو سەرنشینی مارسیدسەکە کە باوک و کوڕن سووتان و دواتر گیانیان لەدەستدا.
“لە گوندی وەلی ھەیەر تاسەیەکی کۆنکرێتی ھەیە، مارسیدسەکە خاوی کردووەتەوە، ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش نەشارەزا بووە و لە دواوە داویەتی لە مارسیدسەکە و ئاگری گرتووە”،سامان عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، باوک و کوڕەکە خەڵکی ناحیەی سەرقەڵان، تەرمەکانیان لە پزیشکی دادی کەلارە و شۆفێری سۆناتاکەش بە سوکی بریندارە، لەلایەن تیمەکانی ھاتوچۆوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر