"شەش نوسینگەمان سزا دا و یەکێکیشمان داخست"

چاودێری بازرگانی سۆران نرخی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتی دیاری کرد

شۆڕش قادری

نوسینگەکانی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرت لە سۆران فێربوون، پارەی زیادە لە هاوڵاتیان وەردەگرن، چاودێری بازرگانی بەو فێعلەی زانی، نرخەکانی بۆ دیاری کردن و چەند نوسینگەیەکیشی سزادا.

جومعە عەلی سەرۆکی لیژنەی پشکنین و چاودێری بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سۆران بە 964ـی وت، “بەهەماهنگی لەگەل بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دیانا، نرخی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتمان لە نوسینگەکان رێکخستەوە و لەمەودوا بۆ مامەڵەی کارتی نیشتمانی، دەبێ تەنیا هەزار و 500 دینار و بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرتیش 95 هەزار دینار وەربگرن”.

“لە چەند شوێنێک فێرببوون بۆ کارتی نیشتمانی دوو هەزار دینار و بۆ مامەڵەی پاسپۆرتیش، 100 بۆ 105 هەزار دیناریان وەردەگرت، بۆیە شەش نوسینگەمان لە سنوری دیانا سزا دا و دانەیەکیشمان داخست”، جومعە عەلی وای وت.

وتیشی، ئاگاداری دانیشتووانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەینەوە، کە لەکاتی نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت و دەرهینانی کارتی نیشتمانی، ئەگەر لە نوسینگەکان پارەی زیاتریان لێ وەرگیرا، پەیوەندی بە لێژنەکانی چاودێری بازاڕەوە بکەن، بۆ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەن.