پێشتر دروستی دەکرد
پیاوێک 76 ساڵە رسقی لەسەر پێڵاو فرۆشتنە
ئالان حەمەدەمین
مام فەتاح حەمەئەمین، رەنگە نموونەیەکی جیاواز و دەگمەن بێ پاش 76 ساڵ، هێشتا وازی لە پیشەی پێڵاو فرۆشتن نەهێناوە، کە لە ساڵانی رابردووش لەگەڵ ژمارەیەک وەستا دوو جۆر پێڵاویان دروست کردووە.
مام فەتاح، لە کۆیە دادەنیشێ و خۆی لە ساڵی 1933 لەدایک بووە کە تائێستا 92 ساڵ دەکات، لە ساڵی 1949ـەوە، وەک شاگرد و دواتر وەک وەستا دەستی بە پێڵاو دروستکردن کردووە، ئێستاش دوکانی پێڵاو فرۆشتنی هەیە.
خۆی دەگێڕێتەوە ئەوکاتەی کە ئەو کارەی کردووە، تەنیا یەک ئۆتۆمبێل لە کۆیە هەبووە، ئەویش خاوەنەکەی پیاوێکی کەرکوکی بووە.
مام فەتاح بۆ دروستکردنی پێڵاو، وە دەستخستنی قایش و لاستیکی وەک بەشێک لە کەرەستەکانی بەردەوام هاتوچۆی موسڵ و بەغدای کردووە، ئەو دەڵێت، جاری وای هەبووە پێش هاتنەوەی خۆم، کەرەستەکانم گەشتووە، و بە شەو دەیان گەیاندەوە کۆیە بۆمان.
سەرەڕای هەڵکشانی تەمەن و هەندێکجار روون نەبوون لە دەربڕین، بەڵام هێشتا هەر بە هێزەوە دەردەکەوێ و چیرۆکی رۆژانی خۆی و بەردەوامی لە کارەکەی دەگێڕێتەوە.
ئێستاش لە دوکانەکەیدا، پێڵاوی لاستیکی چوپلێس، پۆما و کالە و ئەدیداس و جزمە و چەند کەرەستەیەکی دیکەی وەک بەن و مادەی لاستیکی دەفرۆشێ، هێشتا و دوای ئەو تەمەنە تاکە رسقە و وەک سەرچاوەی بژێوی ماوەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا