
تابلۆی وەزارەتی دارایی.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم
“حکومەتی عێراق ساڵی رابردوو تەنیا 10 موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە”
964+
ژێوار خدر
وەزارەتی دارایی هەریم دەڵێت، حکومەتی فیدڕاڵی ساڵی رابردوو تەنیا %48ـی بودجەی هەرێمی ناردووە کە دەکاتە 10 موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم و یەک دیناری بۆ خەرجی وەبەرهێنان نەناردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە راگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 15.1.2025 بڵاویکردووەتە، دەڵێت بەپێی کەشف حسابی بانکی وەزارەت لە بانکی ناوەندی عێراق لقی هەرێم وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنیا %48ـی بودجەی هەرێمی بۆ ساڵی 2024 ناردووە، ئەویش بە 52 جار.
دەشڵێت، لە رێکەوتی 1.1.2024 تا 31.12.2024 وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ لە کۆی 20 تریلیۆن و 91 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینار، تەنیا 10 تریلیۆن و 26 ملیار و 883 ملیۆن و 544 هەزار و 589 دیناری ناردووە، کە کە دەکاتە %48ـی کۆی گشتی بودجەی هەرێم بە پێی یاسای بوودجەی گشتی عێراق.
روونیشیکردووەتەوە، لەساڵی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق، یەک دیناری بۆ خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، ئەو تەمویلەشی بۆ مووچە ناردویەتی بەنزیکەیی دەکاتە مووچەی 10 مانگی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە تێکڕای ساڵەکە، وە ئەو پارەیەشی ناردویەتی بەپچڕ پچڕ و بە 52 گوژمە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.