دیمەنی سلێمانی _ وێنە: 964
ئەو زانیاریانەی لەبارەی سلێمانییەوە نەتزانیوە لە 964 بیانزانە
“سلێمانی هەزاران ساڵ پێش ئێستا شار بووە و دوو جار وێران بووە”
964+
شۆڕش قادری
بە گوتەی شوێنەوارناس و مێژوونووسێکی دیاری کوردستان، سلێمانی هەزاران ساڵ پێش ئێستا شار بووە و دوو جار وێران بووە و ئەوەی ئێستا سێیەم شارە کە لەو شوێنە دروست کراوە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف شوێنەوارناس و مێژوونووس لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی وت، “شاری سلێمانی یەکێکە لەو ناوچانەی کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا شاربووە، ئێستاش گەڕەکە کۆنەکانی بوون بەکەلەپور و سیمای تەلارسازی و شارستانی، هەربۆیە کاری هەموولایەکمانە هەوڵ بۆ پاراستنیان بدەین.”
“ساڵی 1982 بۆ یەکەم جار لەزاری عەلی ساڵح رەشید خاوەنی سینەما رەشید و وەستا عەلی و چەند کەسێکی تر کە دەستیان لە دروستکردنی سینما رەشیدـدا هەبوو، بیستم کە لە ساڵی 1947 و لەکاتی دروستکردنی سینەماکە، گۆزەیەکی گەورە و چەند کەلەسەرێکی مرۆڤیان لە قوڵی چوار مەتر و نیو دۆزیوەتەوە، ئەمەش بووە سەرمەشق و کلیلێک بۆ من بۆ ئەوەی لە مێژووی سلێمانی بکۆڵمەوە”، مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناشتنی جەستەی مرۆڤ لەژێر عەرزدا بۆ دوو هەزار و 595 تا حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بەوەشدا زانیویەتی کە مێژووی سلێمانی کۆنە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب وتیشی، “سالی 2000 بەرامبەر چایخانەی شەعب بینایەک دروستکراوە و تیایدا چەند شوێنەوارێک و تەرمی منداڵ دۆزراوەتەوە، دواتر و لە چەند شوێنێکی تر گۆزە و تەرم دۆزراونەتەوە، هەموو ئەوانەش ئاماژەن بەوەی کە سلێمانی پێشتر شار بووە”.
باسی لەوەشکرد، سلێمانی شارێکی گەورە بووە و وێران بووە، دواتر هەر لەشوێنەکەی شار دروست کراوەتەوە و جارێکی تر وێران بووەتەوە و ئەوەی ئێستاش سێیەم شارە کە لە سلێمانی دروست کراوە.