چی دەگوزەرێ لە رێگەکە؟

پەیامنێرانی 964 گەشت لە نێوان رانیە و سلێمانی دەکەن

964+

گۆڤەند فەتاح و محەمەد عەلی – راپەڕین

ماوەی هەشت رۆژە خەڵکی ناحیەی خەلەکان و گوندەکانی دەورووبەری رێگەی نێوان سلێمانی و ئیدارەی راپەڕینیان داخستووە، رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ ئۆتۆمبێلێک نادەن.

گۆڤەند فەتاح و محەمەد عەلی هەردووکیان پەیامنیری 964ن بڕیارە یەکێکیان بچێتە سلێمانی و ئەوی دیکەشیان بۆ رانیە، بەدەم رێگەوە حاڵوگوزەرانی ناوچەکە پیشاندەدەن و خەڵکی ئەو ناوەش دەدوێنن.

گۆڤەند گەیشتە خەلەکان و شەقامەکانی چۆڵێتییان پێوە دیارە، منداڵان لەسەر شەقامەکان تۆپێن دەکەن، بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە کەس رێی ناکەوێتە ناحیەکە.

شاخەوان ئیسماعیل، دوکاندارێکی خەلەکانە قسە بۆ 964 دەکات و دەڵێت، “لەوەتەی رێگەکە داخراوە، بازاڕمان نەماوە ناو بازاڕی ناحیەکە بە تەواوەتی چۆڵێ پێوەدیارە، جاران گەشتیاری زۆر روویان لێرە دەکرد، بەڵام ئێستا هیچ کەسێک نایەت.”

محەمەد عەلی لە هیزۆپ تووشی کۆمەڵێک  بارهەڵگر بوو کە لەو ناوە گیریان خواردبوو.

دوو شۆفێری بارهەڵگر قسەیان بۆ کرد و وتیان، “هەموو رێگەکانمان لێ داخراوە، دوو رۆژە لێرە چاوەڕێین داواکارین چارەیەکمان بۆ بدۆزنەوە و بتوانین بارەکانمان بگەیەنین.”

هەردوو پەیامنێری 964 گەیشتنە کانی وەتمان و شوێنی خۆپیشاندانەکە، لەوێ ساتر لێدراوە و خەڵکی ناوچەکە خێمەیان هەڵداوە و بۆ نان خواردن و نوێژ کردنیش ناڕۆنەوە ماڵەوە و هەر لەوێش دەخەون.

خۆپیشاندەران بۆ مایکی 964 دوان و وتیان، “سوورین لەسەر داواکارییەکانمان و هەتا هەمووی جێبەجێ نەکەن، نە رێگەکە دەکەینەوە و نە ئەو شوێنەش چۆڵ دەکەین.”

گۆڤەند و محەمەد نەیانتوانی سەفەرەکەیان بکەن و لە کۆتاییدا بڕیاریاندا هەریەکەیان بەڕێگەی خۆیاندا بگەڕێنەوە.

964 ویستی لە رێگەی ئەم راپۆرتەوە ئاستەنگی بەردەم خەڵک  و دۆخو گوزەرانی خەڵکی ئەو ناوچەیەتان بۆ بگوازێتەوە، تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئەم بابەتە هیچ قسەیەکییان نەکردووە و نازانرێ تا کەی ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان: نەک ئامبوڵانس رێگە نادەین ...

خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان: نەک ئامبوڵانس رێگە نادەین پایسکلیش بڕوات