دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە قەزای پێنجوێن _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
دەڵێن لە پلەی یەکەمن
لە باشماخ کۆبوونەوە کرا؛ زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار هاتوچۆیان کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
دامەزراوەکانی ناو دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیان کرد، لەو دەروازەیەوە گەشتیار دەچنە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وە بە پێچەوانە دێنە باشووری کوردستان و شارەکانی عێراق.
بە گوێرەی ئامارێک، کە لە کۆبوونەوەکەدا خراوەتەڕوو، ساڵی 2024، دوو سەد و 27 هەزار و 98 گەشتیاری زیاتر، بەراورد بە ساڵی 2023 گەشتیان لە دەروازەکەوە کردووە.
لە راگەیەندراوێکی دەروازەکە کە وێنەیەکی بۆ 964 هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە 14.1.2025 نوسیوویەتی، ساڵانە رێژەی هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە زیادبووندایە، ساڵی 2024، یەک ملیۆن و 375 هەزار و 546 گەشتیار هاتوچۆیان لە دەروازەکەدا کردووە، لە کاتێکدا ساڵی 2023، ژمارەی گەشتیاران یەک ملیۆن و 148 هەزار و 450 کەس بوون.
ئەجێندای کۆبوونەوەک هەڵسەنگاندنی کارەکانی ساڵی 2024 بووە، وە پلانیان بۆ ساڵی 2025، دەروازەکە پلانی وایە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەروازەی “باشماق” دیوی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵی زیاتر بدەن بۆ باشترکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاوڵاتیان، گەشتیاران، شۆفێران و بازرگانان،
لە بارەی کارەکانی دەروازەکە لەو کۆبونەوەدا وتراوە، ئێستا دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە پلەی یەکەم دایە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لەرووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی بینای نوێ و مۆدێرن بۆ بنکە و فەرمانگەکانی، وە زیادکردنی رێژەی سەوزایی، قیرتاوکردن و روناککردنەوە.
دیمەنێک لە کۆبوونەوەی فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ – وێنە: راگەیاندنی دەروازەی باشماخ