"تا سبەی نیوەرۆ داواکانیان جێبەجێنەکرێت ساتر لیدەدەن و رێگەکە بە تەواوی دەگرن"

رێگەی تەقتەق بەرووی بارهەڵگردا کرایەوە بەڵام کاتییە

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

هاوڵاتییانی گوندی سەرکەڵەکی قەزای تەقتەق، جارێکی دیکە رێگەی سەرەکی تەقتەق بۆ ئاشتییان بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخست، بەڵام زۆری پێنەچوو کردیانەوە و تا سبەی نیوەرۆ مۆڵەتییان بە حکومەتدا، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت ساتر دادەنێن و رێگەکە بە تەواوی دادەخەن.

دوای ئەوەی هاوڵاتییانی گوندی سەرکەڵەک لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا چەند جارێک رێگەیان گرت و کردیانەوە، داوا دەکەن چارەسەر بۆ ئەو رێژە زۆرەی بارهەڵگرانە بدۆزرێتەوە و چیتر بەو رێگەیەدا هاتوچۆ نەکەن.

هاوکار سلێمان، دانیشتوی گوندی سەرکەڵەکە بە 964ـی وت، تا سبەی نیوەرۆ مۆڵەت دراوە بە حکومەت و بارهەڵگرەکان، ئەگەر بێتو چارەسەری ئەو رێگەیە نەکرێت، ساتر دادەندرێت و رێگەکە بە تەواوی دەگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمشەو رێگەکەیان کردووەتەوە، بەڵام لە سبەیەوە بڕیاردراوە بە تەواوی هاتوچۆیان رابگیرێت تا ئەوکاتەی چارەسەرێکیان بۆ دەدۆزرێتەوە”.

زیاتر لە هەشت رۆژە رێگەکانی ناحیەی خەلەکان، گوندی بنگرد و ناحیەی خدران بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخراوە، ئێستا دانیشتووانی گوندەکانی سنووری قەزای تەقتەق داد و بێدادیانە بە دەست ئەو ژمارە زۆرەی بارهەڵگرانەوە، کە بە ناوچەکانی ئەواندا هاتوچۆ دەکەن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان: نەک ئامبوڵانس رێگە نادەین ...

خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان: نەک ئامبوڵانس رێگە نادەین پایسکلیش بڕوات