باڵەخانەی ئیدارەی گەرمیان - وێنە: 964
ئیدارەی شارەکە وادەی داناوە
لە دێ بنەی گەرمیان مۆنۆمێنت دروستدەکرێ و بیرۆکەیان پێویستە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیدارەی گەرمیان، لە گوندی دێ بنە، کە مەزاری ئەنفالکراوانی لێیە، دەیەوێت مۆنۆمێنتی ئەنفال دروست بکات، بۆ ئەوەش داوا لە ئەندازیار و هونەرمەندان دەکات، ئەگەر بیرۆکەیان هەیە بۆ دیزاینی مۆنۆمێنتەکە، بۆیان بنێرن.
ئەو مۆنۆمێنتەی کە بڕیارە دروست بکرێ جیاوازە لە هێمای مەزاری ئەنفال لە گوندی دێ بنە، بڕیارە مۆنۆمێنتەکە مۆزەخانە، هۆڵی کۆبوونەوە و کۆنفڕانس و چالاکی لە خۆ بگرێ و دەبێ هەرکەس بیرۆکە بۆ دیزاینی پڕۆژەی مۆنۆمێنتەکە پێشکەش دەکات، ئەوانە رەچاو بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.1.2025، چۆمان ئەحمەد، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە 964ی وت، بۆ دروستکردنی پرۆژەی مۆنۆمێنتی ئەنفال، ئیدارەی گەرمیان پێویستی بە بیرۆکە و پێشنیارە، وەک سیومبوڵێک گوزارشت بێت لە پرسی ئەنفال، بۆیە داوایان لەسەرجەم دیزاینەر و هونەرمەندان و ئەندازیاران و شارەزایان و خوازیاران کردووە بیرۆکەیان بۆ بنێرن.
هەرکات بیرۆکەکە پەسەندکرا، هەوڵی تەرخانکردنی بودجە دەدرێ بۆی ئەوەش بە گوێرەی بیرۆکە و تێچووی پڕۆژەکە، چۆمان ئەحمەد وتی، تا ئێستا بڕیار وایە مۆنۆمێنتەکە لە گوندی دێ بنە دروستبکرێ، تا رۆژی 25.1.2025، وادە هەیە، هەرکەسێک خواست و بیرۆکەیەکی هەیە، دەبێت دیزانەکە بیهێنێت بۆ ئیدارەی گەرمیان، بەشی بەڕێوەبەرایەتی پلاندانان و بەدواداچوون.
ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەو کەسانەی دوورن لە ناوچەکە، کارئاسانییەکەی کردووە و دەتوانن لە رێگەی ئمەیڵی، [email protected] یان، تەلەگرام و واتس ئاپی ئەم ژمارەیەوە: 07741543135، بیرۆکەکانیان بنێرن.