لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ

شاری سۆران دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری

ژووری هەواڵ

وەزارەتی کارەبا دەیەوێت لە شەش مانگی کۆتایی ئەمساڵدا کارەبای ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كانی سەنتەری شاری سۆران بکات بە 24 کاتژمێری و تەواوی مۆلیدە ئەهلییەکان لادەبرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 14.1.2025، ئه‌ندازیار ئه‌رده‌وان ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سۆران بە 964ـی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵدا بە جدی دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی پرۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ یان پێش ئەو کاتە کارەبای هەموو سەنتەری شارەکە دەبێتە 24 کاتژمێری.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکهێنراوە و سەرەتا پرۆژەکە لە سەنتەری شاری سۆران جێبەجێدەکرێت و دواتر پرۆژەکە بۆ دەوروبەر و قەزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگوازینەوە.

ئیدارەی سۆران لە شەش قەزاو ژمارەیەکی زۆر گوند پێکهاتووە و هاوبەشانی کارەبا تا ئێستا لە ئیدارەکە گەشتووەتە زیاتر لە 84 هەزار هاوبەش.