سیستمی دابینکردنی کارەبا بە وزەی خۆر - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
هێشتا خەڵكانێک خۆیان تۆمار نەكردووە
زیاتر لە 13 مێگاوات كارەبای وزەی خۆر لە سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی دەڵێت، بە پێی داتاكانی بەشی وزە نوێبوەكان، رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر روو لە زیادبوونە و ئەوەی لە بەشەكە تۆماركراوە، زیاترە لە 13 مێگاوات كارەبا.
ئەندازیار شادمان شوكری سەعید، لێپرسراوی بەشی وزە نوێبوەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بە پەیجی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەكەیانی رایگەیاندووە، “لە سنووری پارێزگای سلێمانی، رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو كەسانەی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر دادەنێن، روو لە زیادبوونە، تا ئێستاش ئەوەی كە سیستمەكەی داناوە و لای ئەوان تۆماری كردووە، گەیشتووەتە (441) شوێن، كە بەشێكیان ماڵان و بەشێكیشی هاوبەشی بارزگانی و پیشەسازین، كە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 13 مێگاوات كارەبایان هەیە.
راشیگەیاندووە، “ژمارەی ئەو سیستمی وزەی خۆرەی دانراوە، زۆر لەوە زیاتر، بەڵام ئەو كەسانە نەهاتوون لە فەرمانگەكانی كارەبا تۆماری بكەن، تا بە بڕیاری وەزارەت ئەوەی زیادە لە پێویستی خۆیان لە خەرجی مانگانەیان دەربكرێت”.
لێپرسراوە بەشی وزە نوێبووەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، داوا دەكات هەر كەسێك سیستمی وزەی خۆری داناوە، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا، سیستمەكەیان تۆماربكەن، تا سوود لەو بڕیارە وەربگرن، كە ئەوەی زیاد لە پێویستی خۆیانە و دەچێتەوە ناو تۆڕی كارەبای نشتیمانی، لە سەری مانگ بۆیان بگەڕێندرێتەوە.
بە پێی بڕیارێكی وەزارەتی كارەبا هەر هاوبەشێكی كارەبا سیستمی وزەی خۆر دابنێت و تۆماری بكات، ئەو بڕە كارەبایەی دەگێڕێتەوە بۆ ناوی تۆڕی كارەبای نیشتمانی و مانگانە بە شێوەی مەقاسە لە خەرجی كارەبا نیشتمانییەكەی دەردەكرێت، ئەمەش وادەكات مانگانە خەرجی كارەبا كەم بكاتەوە.