21کەسی دیکەش گومانلێکراون
بەشێک لەو نەخۆشانەی گورچیلە دەشۆن هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز و جگەرن
+964
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بەشێک لە نەخۆشەکانی بەشی شۆردنەوەی گورچیلە لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکوک، هەڵگری چەند جۆرە ڤایرۆسێکن لەوانە ئایدز و جگەر، نایانەوێت بگوازرێنەوەی بۆ سەنتەری ئەمەل بۆ شۆردنەوەی گورچیلە، داوا دەکەن کەلوپەلی پێویست بە ئامێرەکانیان بۆ دابینبکرێت و لە شۆێنی خۆیان بمێننەوە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14.1.2025، ژمارەیەک لەو نەخۆشانەی کە لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکوک پێویستیان بە شۆردنەوەی گورچیلەیە، لەدژی پێنەدانی دەرمانی پێویست و گواستنەوەیان لە بەردەم بینای فەرمانگەی تەندروستی گردبوونەوە.
ئومێد سوبحی، یەکێک لەو نەخۆشانەیە بە 964ـی وت، “دوو رۆژە بەهۆی نەبوونی دەرمانی پێویست گورچیلەم نەشۆردراوەتەوە سینگم پڕە لە ئاو، هەروەها لای ئێمە هەڵگری ڤایرۆس و تووشبووی ئایدز و ڤایرۆسی جگەر هەیە، سەنتەری ئەمەلیش پێشوازی لە ئێمە ناکات بەهۆی ئەوەی شوێنیان نیە و ناتوانن دەرمان بدەن بە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکوک”.
خالید رەمەزان باوکی یەکێک لەو نەخۆشانە بە 964ـی وت، “کچەکەم پێنج ساڵە شۆردنەوەی گورچیلەی بۆ دەکرێت، سەنتەری ئەمەل تەنها چوار بێدی هەیە و شوێنی ئێمە نابێتەوە، چونکە ژمارەمان 33 کەسە و هەڵگری ڤایرۆسین.
جەبار جومعە، سەرپەرشتیاری نەخۆشەکان بە 964ـی وت، لە نەخۆشخانەی کەرکوک 33 نەخۆش هەیە 12ـیان هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز و جگەرن و و 21ـکەی دیکەش گومانلێکراون کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن، سەنتەری ئەمەل ژمارەی نەخۆشەکانی کە پێویستیان بە شۆردنەوەی گورچیلەیە 400 کەسن و نابێت تێکەڵی نەخۆشی دیکە بکرێت، چونکە ئەوانیش توش دەبن.
سەنتەری ئەمەل کە سەر بە کۆمپانیایەکی ئەهلیە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی پارەی نەخۆشەکان دەدات، ئامادەیە هاوکاری نەخۆشکان بکات لە دەرمان بەڵام شوێنی نییە و دەیەوێت هەر لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.
د. ئەرجان محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک بە 964ـی وت، کێشەی گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ سەنتەری ئەمەل کاتیە، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بەزوترین کات چارەسەری بکەین.