زەکاتی پارەی پاکەتەکانی دەداتە فەقیر و هەژاران

31 ساڵە وازی لە جگەرەکێشان هێناوە و پارەی پاکەتەکانی کۆدەکاتەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

پێشمەرگەیەکی خانەنشین 31 ساڵە وازی لە جگەرەکێشان هێناوە و هەر پێنج ساڵ جارێک وچانێک دەدات و بۆ چەند رۆژێک دەست بە جگەرەکێشان دەکاتەوە، ئەو چەند ساڵەش پارەی کڕینی پاکەتەکانی کۆکردووتەوە و بووە بە مەبلەغێکی باش.

عەلی تاهیر پێشمەرگەی خانەنشین دانیشتووی گوندی خورکێیە لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە ساڵی 1994ـەوە وازی لە جگەرەکێشان هێناوە بەڵام هەر پێنج ساڵ جارێک، بەڵێنەکەی دەشکێنێت، چەند رۆژێک جگەرە دەکێشێت و دووبارە وازی لێدێنێتەوە.

عەلی تاهیر بە 964ـی وت ، “نزیکەی 31 ساڵە وازم لە جگەرەکێشان هێناوە و تەنها پێنج ساڵ جارێک جگەرە دەکێشم، دوای 21 ساڵ و لە ساڵی 2015 بڕیارمدا پارەی کڕینی پاکەتی جگەرە کۆبکەمەوە و رۆژانە دوو هەزار و 500 دینارم پاشەکەوت کرد”.

“تا ساڵی 2020 بڕی چوار ملیۆن و 512 هەزار و 500 دینارم کۆکردەوە و خانووەکەم پێ نۆژەن کردەوە”، عەلی تاهیر وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ساڵی 2020 رۆژانە 15 هەزار دیناری پاشەکەوت کردووە و تا کۆتایی ساڵی 2024، پارەکەی بووە بە 27 ملیۆن و 15 هەزار دینار، زەکاتەکشی دەرکردووە کە 930 هەزار دینار بووە.

عەلی تاهیر وتیشی، لەو پارەیە 19 ملیۆن و 420 هەزار دیناری داوە بە زەوییەک و دوکانێک و ئێستاش شەش ملیۆن و 665 هەزار دیناری لە قاسەدا هەیە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

زیانەکانی دانیشتنی زۆر وەکو زیانەکانی جگەرەکێشانە

زیانەکانی دانیشتنی زۆر وەکو زیانەکانی جگەرەکێشانە