محەمەد شیاع سودانى و نێچیرڤان بارزانى...وێنە: سەرۆکایەتى هەرێم
لە بارەى موچەوە قسە کراوە
نێچیرڤان بارزانى و سودانى کۆبوونەوە
964+
ژووری هەواڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی “پابەندبوونە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم”.
ئەمڕۆ دووشەممە 13.1.2025، نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سودانی قسەیان کردووە لەبارەی پێشهات و رووداوەکانی ناوچەکە، هەروەها باس لە پێویستی پاڵپشتیکردنی حکومەتی فیدراڵی و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی بەرنامە حکومییەکەی کراوە بە شێوەیەک کە خواستەکانی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری وڵاتدا جێبەجێبکات.
“هەروەها باس لە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان کرا، هەروەها پابەندبوونە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، بەپێی بنەماکانی دەستوور و ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵیدا پەسەندکراوە”، نوسینگەی سودانی وا دەڵێت.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا و بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و هیوای خواست هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەن.