"کەسەکەش دەستگیرکراوە"
ماڵەکەی سۆران لە لایەن ئەندامێکی خیزانەکەوە سووتێندراوە
964+
ئاکام غەفور- سۆران
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی نەورۆزی شاری سۆران ماڵێک سووتا، ئەوەی جیاوازە لە رووداوەکانی دیکەی سووتان ئەوەیە، ماڵەکە لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەوە سووتێندراوە و لەو کاتەش حەوت ئەندامی دیکەی خێزانەکە لە ژوورەوە بوون و دەرگای لەسەر داخستوون .
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بۆ 964 وتی، ”رووداوەکە بە دەستی ئەنقەست بووە، لە لایەن ئەندامێکی خێزانەکەوە ماڵەکە سووتێندراوە، شەش تیمی بەرگریی شارستانی بە هاوکاری دراوسێکانی ئەو ماڵە توانیویانە ئاگرەکە زوو کۆنتڕۆڵ بکەن.”
وتیشی، ئەو کەسەی ماڵەکەی سووتاندووە دەستگیر کراوە، ئێستا لە لایەن پۆلیسی سۆرانەوە راگیراوە، لێکۆلینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر