شارە نمونەیەکەی کەلار دواجار ئاوەدان دەکرێتەوە

964+

میلاد جەلال – کەلار

دوای شەش ساڵ چاوەڕوانی خەڵکی کەلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشتیاریەکەی سەر سیروان دواجار پڕۆژەی “شاری نمونەیی مارینا” دروست دەکرێت.

 پرۆژەی گەشتیاری مارینا، پڕۆژەیەکی نوێی مۆدێرنە لەسەر رووباری سیروان لە قەزای کەلار لەسەر رووبەری 355 دۆنم زەوی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت.

ھونەر مەحمود، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی گەرمیان بە تۆڕی964ی راگەیاند، شەش ساڵ پێش ئێستا پلانی دروستکردنی پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە سەر رووباری سیروان درا بە وەبەرھێنەرێک، بەڵام بەھۆی ئەوەی پڕۆژەکە تەنیا گەشتیاری بوو ئەو جۆرە پڕۆژانەش قازانجی کەمە، وەبەرھێنەکە پەشیمان بوویەوە لە جێبەجێکردنی.

وتیش”ی پرۆژەکەیان گۆڕیوە بۆ پرۆژەیەکی ھاوبەشی گەشتیاری و بازرگانی، ئێستا لەلایەن کۆمپانیایەک پرۆژەی “شاری نمونەیی مارینا” ھەموو قوناغەکانی مۆڵەتپێدانی تێپەڕاندووە سەرقاڵی دانانی ئۆفیسن لەشوێنی پڕۆژەکە و دەستبەکارکردن دەکەن، پڕۆژەکە شارێکی جیاوازە لەھەموو ئەو پڕۆژانەی کە پێشتر لە گەرمیان ئەنجامدراوە.

تۆڕی964 دەزانێت، مارینا پڕۆژەیەکی میکسە کە پێکدێت لە جێگەی گەشتیاری، بازرگانی، نیشتەجێبوون، پەروەردەیی، پزیشکی و وەرزشی، گوژمەی پڕۆژەکەش نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە، بڕیارە لەماوەی چوار بۆ پێنج ساڵ پڕۆژەکە تەواو بکرێت.

بەڕێوەبەرەکەی وەبەرھێنانی گەرمیان وتیشی “رووباری سیروان بە ەووبەری دوو هەزار و 400 دۆنم کراوە بە پێنج زۆنەوە، ئێستا تەنیا زۆنی دووەم دەستبەکار بووە کە پڕۆژەی مارینایە لە قەڵای شێروانەوە دەستپێدەکات تاکو فولکەی ناو بازاڕی کەلار”.