"دەزانین قەرەباڵغی دروست دەبێ"

پاتری نوێیان بۆ هات و کارتی نیشتمانی پێنجوێن کرایەوە

کامیار کەمال – پێنجوێن

دوای سێ رۆژ لە راوەستانی کارەکانی بەهۆی لە کارکەوتنی پاتریی UPS کۆمپیوتەرەکانەوە، ئەمڕۆ فەرمانگەی کارتی نیشتمانی پێنجوێن دەستی بە کارەکانی کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.1.2025، پاتری نوێیان بۆ دابینکراوە و دایان ناوە، هیچ کیشەیەکیان نەما.

عەزیز عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارتی نیشتمانی پێنجوێن بە 964ی وت، سێ رۆژ لەمەوبەر پاتری UPS تایبەت بە کۆمپیوتەرەکانیان سوتاوە و بەو هۆیەوە تەواوی کارەکانیان راگیراوە.

ئەو دەڵێ، دڵنیان لۆد و قەرەباڵغی دروست دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا، بەڵام بەڵێنی لە کارمەندەکانی وەرگرتووە کە لە رۆژانەی قەرەباڵغی بێنەوە و کارەکانی هاوڵاتیان نەوەستێنن.

بەشێکی هاوڵاتیان کە کارەکانیان لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانی پێنجوێنە دانیشتووی سلێمانین و بەشێکی دیکەش ئەوانەن کە تازە هاوسەرگیریان کردووە یاخود تازە منداڵیان بووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا