کوردستان ٢٦ جۆر بنەتۆی بەرهەمهێناوەو ٢٠٢٤ هەناردەی دەرەوەی دەکات

یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق

میدیازان – دیسکی هەولێر – فەرمان سادق

وەزارەتی کشتوکاڵ ٢٦ جۆری بنەتۆی گەنمی بەرهەمهێناوەو دەڵێ، ئەگەر لەسەر ئەو پلانەی دانراوە بچینە پێشەوە ئەوا ساڵی ٢٠٢٤ دەتوانین هەناردەی دەرەوە بکەین.

رێژین سدیق، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی بنەتۆ لەوەزارەتی کشتوکاڵ بە میدیازانی راگەیاند، بۆ ئەمساڵ توانراوە حەوت هەزار تۆن بنەتۆ بەرهەم بهێنرێت، هەروەها ٢٠٠ تۆن بنەتۆی نایابیش بەرهەمهێنراوە، کە بەسەر جوتیاران دابەشدەکرێت بۆ چاندنی.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیشی کردەوە، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق، بوونەتە خاوەنی لیبڵی تایبەت بەخۆیان کە “پێش ئێمە عێراقیش نەبووەتە خاوەنی لیبڵی خۆی‌”.

لیبڵ، پێوەرێکە بۆ بنەتۆو هەر لیبڵێک بەمانای گوشێکی ٥٠ کیلۆیی بنەتۆی ئامادە دێت بۆ چاندن.

رێژین سدیق، ئەوەشی خستەڕوو کە چوارساڵ پێش ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ بنەتۆی گەنمی هاوردە دەکرد، وتی “بیرمە ٣٥ هەزار تۆن هاوردە کرا، بەڵام دوای دەستپێکردنی پلانی بەرهەمهێنانی بنەتۆی خۆمانە، ساڵی رابردوو تەنیا ١١ هەزار تۆن هاوردە کراوە، ئەگەریش لەسەر ئەو پلانەی هەیە بەردەوام بین و هیچ گرفتێک نەیەتەڕێ، ئەوا ساڵی ساڵی داهاتوو دەگەینە ئاستی دابینکردنی پێویستی خۆمان و ساڵی ٢٠٢٤ـیش دەتوانین هەناردەی دەرەوەی بکەین”.

بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنانی بنەتۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە دوو ساڵی رابردوودا توانیویەتی ٢٦ تەرز بنەتۆی گەنمی بەرهەمهاتووی کوردستان، لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق تۆمار بکات وەک بڕاندێکی خۆمانە.

“تەنیا ساڵی رابردوو، چوار جۆر لە هەولێر، سێ لە گەرمیان و سێ لە کۆیە بەرهەم بهێنین، ساڵانی پێشتریش ١٦ جۆری تر بەرهەمهێنراوەو هەمووی بەناوی کوردستانەوە تۆمار کراوەو تا ١٠ ساڵی تر هیچ وڵاتێک بۆی نیە به‌کاری بهێنێت بێ رەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمە بڕاندێکە تایبەت بە وەزارەتی کشتوکاڵ”.