نانەواخانەیەک لایەک خەریکی دروستکردنی نانە و لایەک کتێبخانەیە

964+
هیڤی دێوالی-دهۆک

هەویر و کتێب، نان و لاپەڕەکان، شەلاح و تێکستەکان، ئەمە تێکەڵەی بینین و دیمەنی ناو نانەواخانەیەکە لە دهۆک، کە خاوەنەکەی لەگەڵ فرۆشتنی نان؛ کتێبخانەیەکی بۆ خوێندنەوە لەناو نانەواخانەکەیدا دروستکردووە.

یەکەمین نانەواخانەیە لە رۆژهەڵاتی دهۆک، کە بەو جۆرە، خاوەنەکەی سەرقاڵی دروستکردنی نانە و لەکاتی پشوودا کتێب دەخوێنێتەوە.

ئەیاز بابوخکی خاوەنەکەیەتی، دەرچووی بەشی ئەندازیاری کشتوکاڵیە و نووسەرە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارێک لە بوارەکەی دا، لە تەمەنێکی بچووکدا لەگەڵ براکانی کاری کردووە لە نانەواخانە.

ئەیاز بابۆخکی، کە بەشداری لە فیچەرێکی 964 کردووە بە 964ـی وت، نزیکەی 17 ساڵە کاری دروستکردنی نان دەکەم، چونکە بنەماڵەکەمان ناسراوە بە دروستکردنی نان ناتوانین دەستی لێ هەڵبگرین، لەئێستادا نانەواخانەیەکم هەیە و چوار کرێکاریش لەگەڵم کار دەکەن.

ئەیاز هەر لە منداڵییەوە کتێب دەخوێنێتەوە، خۆی دەڵێ، نزیکەی هەزار کتێبم هەیە، ئێستاش لە نانەواخانەکەمدا شوێنێکم بۆ دروست کردوون، نزیکەی ساڵێکیشە روومانێکی چاپکردووە، ئێستاش لەسەر ئەنفال سەرقاڵی نوسینی کتێبێکی مێژووییە.

ئەیاز لەبارە نیەتی کارەکە دەڵێت، “بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بزانن لەناو کرێکارانیش رۆشنبیر هەن و کتێب دەخوێنێتەوە”، بەهۆی کارەکەیەوە، کرێکارەکانیش حەزیان لەخوێندنەوەی کتێب کردووە و لەکاتی پشوودا کتێب دەخوێننەوە.

هەر ئەوەندەش نا، بەهۆی خوشەویستی خەڵک کاتێک سەردانیان دەکەن ، ئوفەرێکێکیان، هەر کە نان دەکڕن، دەتوانن داوای کتێب بکەن و پێیان دەدەن، بە مەرجێک دوای تەواوکردنی خوێندنەوەکەی بۆیان بگەڕێننەوە، بۆ ئەوەش ناو و ژمارەی تەلەفۆنیان دەنوسن و بەبێ بەرامبەر کتێبی دڵخوازی خۆیان پێ دەدەن، کە زۆرینەیان زانستی و رۆمانن.

پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا