"پیسبوونی ژینگە و هەوای شار مەترسییەکی گەورەیە"

ئاماری تۆماركردنی شێرپەنجە لە هەولێر روو لەزیادبوونە

محەمەد پیرباڵ – هەولێر

پیسبوونی ژینگە و هەوای شاری هەولێر قسەوباسی زۆری لەسەرە و بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێت بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان، ئێستاش ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە لە شارەکە روو لە هەڵکشانە و رۆژانە 200 نەخۆشی شێرپەنجە، تەنیا لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەر وەردەگرن.

د. هەردی جەواد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بە 964ـی وت، “رۆژانە  200 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەمان چارەسەری کیمیاوی وەردەگرن و بەپێی ئامارەکانیش 30٪ـی نەخۆشەکان خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن”.

“رۆژانە کەیسی نوێ لە نەخۆشخانەکەمان دەخەوێندرێن، بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بکرێت، یەکێک لە هۆکارەکانیش پیسبوونی ژینگە و هەوای شارەکەیە کە بەمەترسییەکی گەورە دادەنرێت”، د. هەردی وای وت.

هەروەها نەیشاردەوە کە ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە روو لەزیادبوونە و بەشێک لەوانەش کە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەر وەردەگرن، منداڵن.

د. هەردی جەواد وتیشی، ئێستا لە چوار سەنتەر لە شاری هەولێر تووشبووانی شێرپەنجە چارەسەر وەردەگرن و نەخۆشخانەیەکی دیکەش بۆ چارەسەری تووشبووان دروست دەکرێت.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری