بەمنزیکانە دەکرێتەوە

“چاککردنەوەی پردەکەی گەلی عەلی بەگ سەرکەوتوو بوو”

ئاکام غەفور-سۆران

کارەکانی پردەکەی گەلی عەلی بەگ گەیشتووە بە کۆتا قۆناغ و تەنها قیرتاوکردنی ماوە بۆ ئەوەی بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە، بەقسەی قایمقامی سۆرانیش، چاککردنەوەی پردەکە سەرکەوتوو بووە و هیچ کێشەیەکی نەماوە.

رەجەب زوبێر قایمقامی قەزای سۆران بە 964ـی وت، ”چاککردنەوەی پردەکە هیچ گرفتێکی نییە و پارچە شکاوەکانی گۆڕدراون، بۆیە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بەسەریدا ئاساییە و دەتوانن بێ کێشە بەسەریدا بڕۆن”.

“قیرە کۆنەکەی سەر پردەکە هەڵگیراوە کە قیرێکی ئەستور بوو بۆ ئەوەی باری سەر پردەکە کەم ببێتەوە و قیرێکی تەنکتری لێ دەدرێت”، رەجەب زوبێر وای وت.

پەیامنێری 964 چووەتە سەر پردەکە و کارکردنی تیمەکانی بینیوە، بەڵام هاوشێوەی رۆژانی رابردوو، رێگە نەدراوە کە دیمەنەکان تۆمار بکات.

بەپێی زانیارییەکانی 964، کێشی ئەو قیرە کۆنەی لەسەر پردەکە بووە، نزیکەی 40 تۆن بووە  و هەمووی هەڵگیراوە و بارهەڵگر و شۆفڵ و ئامێری رنینی قیر بەسەر پردەکە هاتوچۆیان کردووە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری