لە چەمچەماڵ

مامۆستایەک دوو رۆژە بێسەروشوێنە و کەسوکاری بەدوایدا دەگەڕێن

شۆڕش قادری

لە چەمچەماڵ مامۆستایەک دوو رۆژە بێسەروشوێنە و کەسوکارەکەی بەدوایدا دەگەڕێن.

محەمەد جاسم خوشکەزای رێباز حەکیم مامۆستای قوتابخانەی زیرەک لە چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە 2.1.2025 خاڵم بە پاسی ناوبازاڕ چووەتە ناو بازاڕی چەمچەماڵ و لەو کاتەشەوە تا ئێستا هیچ خەبەرێکمان لێ نییە”.

“مامۆستا رێباز لەدایکبووی ساڵی 1983ـیە و مامۆستای زمانی کوردییە، سەڵتە و تا ئێستا هاوسەرگیری نەکردووە”، محەمەد جاسم وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو هێزە ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیداری چەمچەماڵیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە، لە سلێمانیش بەدوایدا گەڕاون، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە.

محەمەد جاسم وتیشی، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ کەسدا نییە و گومانیشیان لە هیچ کەسێک نییە.