نیویۆرک

تایمز سکوێر گەورەترین مەیدانی ئاهەنگی سەری ساڵ

964+

ژووری هەواڵ

هەموو ساڵێک ئەم شەقامە زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە، رۆژانە 300 هەزار کەس سەردانی دەکەن، تەنیا شەوێکیش هەیە یەک ملیۆن کەس لەم مەیدانە پێکەوە هاوار دەکەن.

تایمز سکوێر بەناوبانگترین مەیدانە لە هەموو ئەمریکادا، بەهۆی شاشە زەبەلاحەکانیەوە بووەتە چەقی کۆبوونەوەی گەشتیاران و خەڵکی وڵاتەکە.

زیاتر لە 90 شاشەی دیجیتاڵی گەورە لەم شەقامە بەناوبانگەی شاری مەنهاتنی نیویۆرک هەڵواسراون و براندە بەناوبانگەکانی جیهان کێبڕکێیانە ناوو لۆگۆیان بچێتە سەر شاشەکان، بۆ ئەوەش ئامادەن دەیان هەزار دۆلار بدەن.

ساڵی 1904 رۆژنامەی بەناوبانگی نیویۆرک تایمز بارەگاکەی هاتووەتە ئێرە، باڵەخانەکە ناونراوە (وان تایمز سکوێر) و لەوێوە ئەو ناوە بەسەر کۆی شەقامەکەدا بڕاوە.

ساڵی 1907 بۆ یەکەمجار گەورەترین ئاهەنگی سەریساڵ لە مەیدانی تایمز سکوێر بەڕێوەچوو، تۆپێکی ئاسنینی بە گڵۆپ نەخشێنراو لە باڵەخانەی وان تایمز سکوێرە بەردرایە خوارەوە، لەو کاتەوە بەردانەوەی تۆپەکە بووەتە نەریت و هەموو ساڵێک لە سەری ساڵدا دووبارە دەبێتەوەو یەک ملیۆن کەس دێن بۆ تەماشای.