" راستکردنەوەی پردەکە له تهواوبووندایه"
پیشاندانى دیمهنى چاككردنهوهى پرده تێكشكاوهكهى گهلى عهلى بهگ له میدیاكان قهدهغهكرا
964+
ئاکام غەفور-سۆران
بە پێی بڕیارێک کە لە وەزارەتی ناوخۆوه دەرچووە، روماڵکردن و نیشاندانی پردە تێکشکاوەکەی گەلی عەلی بەگ بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
رۆژانە 964 روماڵی کارکردنی تیمەکانی دەکرد کە سەرقاڵی چاککردنەوەی پردەکەن، بەڵام ئەمڕۆ لە کاتی چون بۆ شوێنی روداوەکە، هێزێکی ئەمنی پەیامنێری 964 یان ئاگاداركردهوه، کە ناتوانێت دیمەنەکان نیشان بدەن.
لەسەر ئەو بڕیارە، رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای ناوهندى سۆران به 964ـى راگهیاند، بڕیارەکە لە وەزارەتی ناوەخۆوه دەرچووە، مەبەست لە قەدەغەی روماڵکردنی میدیاکان ئەوەیە کە تیمەکان بتوانن باشتر کاری خۆیان بکەن و گیانی رۆژنامەنوسانیش پارێزراو بێت.
وتیشی “رەنگە بۆ رۆژانی داهاتوو، شوێنێکی سەلامەت دیاری بکەین بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کە بتوانن روماڵی خۆیان بکەن و کێشەش بۆ تیمەکانی چاککردنەوەی پردەکە دروست نەبێت”.
بهقسهى قایمقامی قەزای سۆران، راستکردنەوەی پردەکە له تهواوبووندایه، ئەمڕۆ یان سبەی کارەکانی راستکردنەوەی تەواو دەبێت و کەمتر لە 30 سانتیمهترى ماوە بە تەواوی راست ببێتەوە.
رۆژى هەینی رابردوو بارهەڵگرێک خۆی کێشا بەو پردێکی كه به پردی رێگای گەلی عەلی بەگ ناسراوه، بەهۆیەوە بەشێکی پردەکە داکەوت و هاتوچۆ بەسهر رێگاکەدا وهستا.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن