رێنمایی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ ئەمشەو

“ئاگاتان لە ماڵ و منداڵ بێت با ماڵتان بە قوڕ نەگیرێ”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 31.12.2024 پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێدەكات و لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت ئاگاتان لەخۆتان و ماڵ و منداڵتان بێت لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵ لە ماڵەوە و لە دەرەوە، بۆ ئەوەی ماڵتان بەقوڕ نەگیرێت.

راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی هەولێر، چەند رێنماییەكی بۆ شەوی سەری ساڵ و شێوازەكانی ئاهەنگگێڕان و بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان و چەند شتێكی دیكە راگەیاندووە، كە دەكرێت هەموو هاوڵاتیانی كوردستان سوودی لێ وەربگرن و پێوەی پابەندبن.

رێنماییەكانیش ئەمانەن:

1- کاتێك لە ماڵ دەردەچيت، هەموو ئامێرە کارەبايیەكان بکوژێننەوە.

2- هيچ ئامێرێکی گەرمکەرەوە (نەوتی -غازی – کارەبايی) بە داگيرساوی جێمەهێڵە.

3- دوور بکەونەوە لە ياريیە ئاگرينەکان، بە تايبەتی لەلايەن منداڵانەوە.

4- ئەو خواردنانەی چەند مەترێك ئاگری لەسەر دەکرێتەوە لە زۆربەی چێشتخانەکان، مەترسیدارن بۆ خودی خۆتان و بۆ ئەو شوێنانە، تا پێتان دەکرێ داوای مەکەن.

5-  بەکارهێنانی ميزەڵان (دەبدەبە) و باڵۆن مەترسیدارە، بە تايبەتی ئەگەر نەزانن کوالێتی و جۆری گازی بەکارهاتوو چيیە، چونکە تەنیا گازی هيلێۆم رێگەپێدراوە.

6- خۆدەرکردن لە ئۆتۆمبێل و نمايشی ئۆتۆمبێل، بە تايبەتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە گزۆزەوە ئاگری لێ دەردەچێت، مەترسیدارە.

7- ئاگرکردنەوە و جێهێشتنی ئاگر و تايە سووتاندن زيان بە ژينگە دەگەيەنێت، لێی دووربکەوە.

8- ئاگاداری منداڵەکانتان بن لە شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکان، تووشی رووداو نەبن، يان لێتان ون نەبن.

9     – دووربکەونەوە لەو شوێنانەی ياریی ئاگرينی لێيە، لەبەر سەلامەتی گيانتان لە رووداوی نەخوازراو.

10- ئەو کەسانەی ياریی ئاگرين بەکاردێنن، دەبێت جلوبەرگی تايبەت بپۆشن بۆ سەلامەتی گيانيان لە سووتان.

11- شۆفێریکردن بە سەرخۆشی يان مەی خواردنەوە لە کاتی شۆفێری مەترسیدارە، پێويستە ئەگەر کەسی شۆفێر نەيتوانی کۆنتڕۆڵی خۆی بکات، کەسێکیتر شۆفێری بكات.

12- پێويستە لە هۆڵەکان و شوێنەکانی ئاهەنگگێڕان بير لە شوێنی سەلامەت و دەرگای رزگار کردن بکرێتەوە لە کاتی رووداوی نەخوازراو.

13- هەر رووداوێکی نەخوازراوتان بينی، بە زووترين کات پەيوەندی بکەن بە ژمارەکانمان 115-125.

14- هیچ مۆمێک بە هەڵگیرساوی مەهێڵنەوە.

15- دڵنیابن کە ئاگرکوژێنەوەی دەستی لە دەوروبەرت هەیە.

16- هاوکاری یەکتر و خەڵکانی دیكە بکەن لە کاتی رووداو.

بەرگریی شارستانیی هەرێم رێنمایی سەبارەت بە یارییە ئاگ...

بەرگریی شارستانیی هەرێم رێنمایی سەبارەت بە یارییە ئاگرینەكان بڵاوكردەوە