چیتر سێوەکانی بەرواری باڵا ناڕزێن
میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک
ئەمساڵ ئەو جوتیارانەی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی سێون خۆشحاڵن، چونکە دوو ساردکەرەوەی ٣٠٠ تۆنییان بۆ داندراوە بۆ ئەوەی سێوەکانیان لە ڕزین بپارێزرێن.
بە وتەی هەوار سەعید، کە یەکێکە لە جوتیارانی بەرهەمهێنی سێو لە بەرواری باڵا و بۆ میدزان قسەی کرد، ساڵانە بەرهەمێکی زۆریان لێ دەڕزی بەفیڕۆ دەچوو، بەڵام ئەمساڵ ئەگەر نەتوانن هەمووی بپارێزان ئەوا دەتوانن بەشێکی هەڵبگرن.
بە پێی ئاماری فەرمانگەی چاندنی پارێزگای دهۆک، سنوورەکە چوار هەزار تۆن سێوی هەیە، بەڵام بە وتەی هەوار سەعید، ئەمساڵیش ١٠٪ـی بەرهەمی سێوی جوتیاران دەڕزێت و خراپ دەبێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی چاندن لە پارێزگای دهۆک بە میدیازانی وت: “دوو ساردکەرەوە لە سنووری ناحییەی کانێ ماسی لە سنووری قەزای ئامێدی جێگیر کراون، هەر ساردکەرەوەیەک ٣٠٠ تۆن سێو لە ڕزین و خراپبوون دەپارێزێت.”
نرخی سێو بۆ جوتیارەکان لە ٢٠٠ تا ٦٠٠ دینار دەکات بە پێی جۆر و ڕەنگی سێوەکە.
ئەحمەد جەمیل وتیشی: “جوتیاران بێ بەرامبەر سێوەکانی خۆیان لەو ساردکەرەوانە دابنێت، پلان هەیە ژمارەی ساردکەرەوەکان زیاد بکرێن، هەروەها بۆ هەر کیلۆیەک سێوی هاوردە بڕی ٥٠٠ دینار باجمان زیاد کردووە و ساڵی ئاییندەش کارگەیەکی دروستکردنی شەربەتی سێو دەکرێتەوە.”