چیرۆکی ئەمڕۆی نەخۆشخانەی هیوا

ئێوە پشووتانە بەڵام پزیشک و کارمەندانێک هەن تیمارکاری دەردە دارەکانن

964+
ئەحمەد مستەفا

لەم سەروبەندی پشوو و ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا، پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، رۆژانە لە ئەرکدان، بە قسەی بەڕێوەبەرەکەیان بێت تەنیا ئەمڕۆ 29.12.2024، 21 کەیسی نوێ شیرپەنجەیان ئاشکرا کردووە و پێشوازییان لە هەزار و 200 نەخۆش کردووە.

گەرچی زۆرێک لە دامەزاوەکان پشوویانە، بەڵام ئەوان ئەرکی ئەمڕۆیان نەخستووەتە سبەینێ، جگە لەوەی کۆمەڵێک لە تووشبووان، کە دێنە نەخۆشخانەکە، بە تەمەنن یان نەخۆشی بێ هێز و ماندووی کردوون، ئەوان رۆژانە پێویستیان بە دەرمان و سارێژی برینەکەیانە،

دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە هەژماری نەخۆشخانەکە پەیامی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی سەرجەم پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەمان بکەم، هەمیشە خەمخۆرو پاڵپشت بوون بۆ چارەسەری نەخۆشانمان.

ئەمڕۆ یەکشەممە پزیشک و کارمەندەکانیان لە ئەرکدا بوون، ئەو نووسیوویەتی، سەرەڕای هەموو ئەو گرفتە داراییانەی کە هەیە، ئێستاش پشووی فەرمییە لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم کوردستاندا، بەڵام نەخۆشخانەی هیوا بڕیاری دابوو رۆژانی 29 و 30ی 12.2024، بکاتە دەوامی فەرمی بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە تووشبوانی شێرپەنجە بکات.

یاد نەقشبەندی، لە بارەی یەک رۆژی داتای کارەکانیان بە وردی ژمارەکانی روونکردووەتەوە و دەڵێت، ئێمە هێشتا توانیومانە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی باڵادا پێشکەش بە تووشبووانی شێرپەنجە بکەین و گرفتە داراییەکان نەبوونەتە هۆی لاوازبوونی خزمەتگوزارییەکانمان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەدا.

‎ئامارەكانی ئەمرۆی یەکشەممە 29.12.2024ی نەخۆشخانەی هیوا:
21 نەخۆشی تازە تۆمار کراون.
1200 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەی هیوا- یان كردوە.
2300 پشكنینی تاقیگەی جۆراوجۆر بۆ نەخۆش ئەنجام دراوە.
740 نەخۆش سەردانی دەرمانخانەیان کردووە و دەرمانیان وەرگرتووە.
83 نەخۆش پشكنینی تیشك و سۆنەر و ئیكۆیان بۆ کراوە.
150 نەخۆش چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە و 52 نەخۆش چارەسەری رۆژانەیان وەرگرتووە.
75 نەخۆش لە بەشی فریاکەوتنی خێرا داغڵ بوون.
73 نەخۆش لە قاوشە جیا جیاکانی نەخۆشخانە داغڵ کراون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.
10 نەخۆش پشکنینی مۆخی ئێسکی بۆ کراوە.
لە سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک، 5 نەخۆش سەردانی کردووە، لە هەمان کاتدا 15 نەخۆش چارەسەری ددانیان بۆ ئەنجام دراوە.

دیمەنەکان دەرخەی، سەردانی نەخۆش و چارەخوازانن بۆ نەخۆشخانەکە؛