قسەی وەزارەتی ناوخۆیە

“ئەگەر زەوی نەبوو، پارە بە پاسەوانانی سنووری هەرێمی کوردستان بدرێ”

964+
ئەحمەد مستەفا

“دوێنێ لەگەڵ بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراق قسەمان کرد، هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە لە بارەی زەوی یان مینحە دان بە پاسەوانانی سنوور، ئەو دەنگۆیەشی گوایە مینحەکە بدرێتە هەرێم و دابەشی بکات یا لە جیاتی دابینکردنی پارچە زەوییەکە، هیچ بنەمایەکی نییە”.

ئەوە قسەی پەڕلەمانتار کاروان یاروەیس، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، ئەو لە روونکردنەوەیەکدا کە وێنەکی بۆ 964 ناردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە دەڵێت، “لە سەرەتای مانگی نۆی ئەمساڵەوە بە نووسراوی فەرمی داوام لە وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە، کە زەوی نیشتەجێبوون بۆ پۆلیسی پاسەوانانی سنووری هەرێمی کوردستان دابین بکرێ، یاخود لە رێگای بانکەوە مینحەیەکیان پێ بدرێ بۆ نیشتەجێبوون”.

ئەو زانیاری نوێی هەیە و دەڵێت، “وەزارەتی ناوخۆی عێراق نوسراوی کردووە کە لەپارێزگاکان وەک فەرمانبەرانی تر پارچە زەوی نیشتەجێبون دابین بکرێ بۆ پاسەوانانی سنور”.

لە بارەی ئەو پاسەوانانەی لە ناوچەی یەک “هەرێمی کوردستان” لە ئەرکدان، پەرلەمانتارەکە وتی، “وەزارەتەکە داوای کردووە بۆ پاسەوانانی سنوور، کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن، حکومەتی هەرێمی کوردستان زەویان بۆ دابین بکات، ئەگەر نەکرا مینحەیەکیان پێیبدرێ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە”.

تائێستا بۆ پاسەوانانی سنوور، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نەدراوە، کاروان یاروەیس دەڵێت، “پۆلیسی پاسەوانانی سنوور دڵنیا دەکەینەوە لە بەدواداچوون و فشارەکانمان بەردەوام دەبین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکەیان”.

نوسراوی پەڕلەمانتارەکە بۆ وەزیری ناوخۆ؛

+964صورة من منصة (شبكة):