موچە و سکۆتەر و هەڵبژاردن
2024 ساڵى چى بوو؟
964+
وریا فەتاح
2024 بۆ موچەخۆرانى هەرێم هەر وەک 2023 بوو، چارەنوسى 2 موچەى کۆتایى ساڵ، هەر وەک ساڵى پار، سکۆتەر لە وڵاتان بۆ هاتوچۆیە و لێرەش قۆڵى خەڵکى بڕى، ترەمپ هاتەوە و ئیلۆن مەسکیش بەکەس ناوەستێ، هەر لە مساڵدا ناڤالنى مرد و ئەسەد کەوت و هەنییە و سنوار و نەسڕوڵا، لەبەر چاوان نەمان.
جیهانیانە بیر لە ساڵەکە بکرێتەوە ئەوەیە کە 2024 ساڵى هەڵبژاردن بوو، خەڵکی زیاتر لە 60 وڵات کە نزیکەی لەسەدا 50ـی دانیشتوانی جیهانن چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، لە ئەمەریکا ترەمپ هاتەوە و بەهۆیەوە ئیلۆن مەسک سەرماکەى بۆ سەروو 300 ملیار دۆلار بەرز بووەوە، لە هەرێمى کوردستانیش هەرچۆنێک بێت هەڵبژاردنى پەرلەمان کرا و زۆربەشیان پێى رازى بوون، یەکگرتووش بە کۆنگرە سەڵاحەدین بەهادینى کردەوە بە ئەمیندار.
2024 ساڵی هەڵبژاردنەکان بوو
هەر لە 2024 دا، ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سنوار لە فەلەستین کوژران، ئیسرائیل بەوە نەوەستا و حەسەن نەسڕوڵاى کوشت و جێگرەکەشى هەمان چارەنوسى هەبوو.
لە کاتێکدا شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا دەچێتە ساڵی سێیەمی خۆیەوە، لوبنانیش گەڕێکى شەڕى گەورەى بەخۆیەوە بینى و پەیجەرەکانیش بە 5000 ئەندامى حیزبوڵادا تەقینەوە، بەڵام گرژییەکانى غەززە دواى کوژرانى سنوار تۆزێک بەرەو خاوبوونەوە چوون.
ململانێ سەربازییەکان گەرمترین رووداوەکانی ساڵ بوون
کەوتنى ئەسەد و پەیکەرەکەى حافزى باوکى، یەکێکى دیکە بوون لە رووداوە کاریگەرەکانى جیهان و ئێستا لە سەر کورسییەکەى جۆلانى دانیشتووە و خۆى بە شەرع ناوناوە.
لەمساڵدا ژمارەیەک کارەساتی سروشتیش بوونە مانشێتی ڕۆژنامەکان، دیارترینیان زریانی هێلین و لافاو لە ئیسپانیا بوو، هەر لەمساڵدا 12 کاتژمێر کێشەیەکی ئەلیکترۆنی لە سەرانسەری جیهان درووستبووە، بەهۆیەوە گەشتەکانی فڕۆکە لە وڵاتانی جیهان وەستاون و کاریگەری هەبوو لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەخشی راستەوخۆی چەند کەناڵێکی جیهانی.
ساڵەکە بە بێ کارەساتی سروشتیش تێنەپەڕی
مردنە دیارەکانی ساڵی 2024یش بریتی بوون لە ئەلێکسی ناڤالنی و کوینسی جۆنز، بارزانى قاڵەى خەڵوز و زاهیر عەبدوڵاش بە مردنیان کۆتاییان بە بەرنامەى بەرنامە هێنا.
لە هەواڵەکانی کلتوری پۆپدا، تایلۆر سویفت گەشتە جیهانییەکەی کۆتایی پێهێنا کە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، لەکاتێکدا ئۆپنهایمەر براوەی گەورەی خەڵاتی ئۆسکار بوو.
لە 2024 دا چەندین کەسایەتی و هونەرماند ماڵئاواییان لە ژیان کرد
2024 ساڵى نەهات بوو بۆ فڕۆکە، هەر لە هەفتەى کۆتایى ساڵەکەدا دوو فڕۆکەى پڕ لە سەرنشین لە کازاخستان و کۆریا کەوتنە خوارەوە و سەرۆک و وەزیرى دەرەوەى ئێرانیش هەر بە کەوتنەخوارەوە فڕۆکە مردن.
لەرووى ئابوریشەوە، زێڕ 25% و دۆلاریش 7%ـى بەهاکەیان بەرز بووەوە، ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانیش کۆمپانیایەکى سکۆتەر قۆڵى بڕین، ئێستا تەنیا دوو رۆژ لەم ساڵە ماوە دوو موچەى خەڵکیش لاى حکومەت ماوە.