شارەوانی پلانی چییە؟

تایە و بلۆک بوون بە هێما؛ جادەکانی خانەقین پڕبوون لە چاڵ

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

ژمارەیەک لە شەقامەکانی خانەقین بەرز و نزمی و چاڵی تێکەوتووە، ژمارەیان زیادی کردووە و هەندێکیان ساڵانێکە ئەو حاڵیەتی، شارەوانی دەڵێن، دەستیان بە چاککردنەوەی بەشێک لە چاڵەکان کردووە.

ئەوە لە حاڵێکدا، رەخنە لە خراپی دروستکردنی هەیە و بەشێک لە دانیشتووانی قەزاکە لە سۆراغی 964 دەیانووت، هۆکاری چاڵەکان دروستکردنەکەیەتی.

خالید جاف هاوڵاتییەکی خانەقینە و کاری شۆفێری تاکسی دەکات ئەو بە 964ی وت، لەسەر شەقامی ئیمام عەباس، تووشی رووداوێک بووە کە ئۆتۆمبیلەکەی بەهۆی چالێکەوە داویەتی لە زەوی و زیاتر لە 600 هەزار دیناری تێدا خەرج کردووە بۆ چاککردنەوەی.

ئەو وتی، کەس خۆی بە خاوەنی ئەم چاڵ و چۆڵییانە ناکات. ئەوە لە کاتێدا چیرۆکەکانی خالید زۆرن، بۆیە خەڵک خۆرسکانە بلۆک، هێما و تایە دادەنێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25.12.2024، موجبل جەمیل، بەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین بە 964ی وت، بەشێک لە چاڵەکان سەرە مەنهۆڵن و لەم چەند رۆژە چاککراوەتەوە بە تایبەت ئەوانەی گەڕەکی کرێکاران، وە دەیانەوێت هێمای ئاگادارکردنەوە بەهەماهەنگی هاتوچۆ زیاد بکەن.

بەڕێوەبەری شارەوانی، پلان بۆ گەڕەکی ئیمام عەباس هەیە و دەڵێت، سەبارەت بەو شوێنانەی تایە دانراون وەک هێما، ئەوە شەقامی گەڕەکی ئیمام عەباسە و پڕۆژەی دووسایدکردنەکەیەتی، کە یەکێکە لە پڕۆژە خراپەکان کە هیچ کوالێتی نییە و ئەو تایانە لەلایەن هاوڵاتییانەوە دانراون وەک هێمایەک بۆ ئاگادارکردنەوە.

چاڵ و نزمییەکان لە خانەقین ژمارەیان زۆر زۆرە و هاوڵاتییان بە شێوەیەکی بەردەوام رۆژانە بە خۆیان و ئۆتۆمبیلەکانییانەوە تێ دەکەون،هەندێجار ئۆتۆمبێلەکانیان پەکی دەکەوێت و سەبارەت بە هێماکانیش بەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین بە 964ی وت، بەنیازە لە ماوەی داهاتوو هێمای تر دابنێت کە زیاتر گونجاو بێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا