کتێب دەبەخشرێتە قوتابیان

قوتابخانەکانی سۆران ترێندی شوکولاتە پێچەوانە دەکەنەوە

964+

ژوولی عەدنان

لە سنووری پەروەردەی سۆران ماوەیەک پێش ئێستا قوتابیان دەستیان کرد بە لاساییکردنەوەی ترێندی جیهانی شوکولاتە بەخشین بە مامۆستا، بەڵام پەروەردەی سۆران رێی لێگرتن و لە بری ئەوە ترێندی بەخشینی کتێبی داهێنا.

ترێندی شوکولاتە بەخشین جیهانییە و لە رێگەی سۆشیال میدیاوە منداڵان بینیویانە، مامۆستا چاوی دادەخات و هەردوو دەستی دەکاتەوە و قوتابیان پسکیت و چوکلێت و شوکولاتە دەخەنە ناو دەستییەوە و لە سۆشیال میدیا ڤیدیۆکەی دادەنێن، ماوەیەکە لە کوردستانیش بووە بە باو.

ئەحمەد محەمەدئەمین بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران بۆ 964 وتی، ” قوتابیان خۆیان ترێندی شوکولاتەکەیان هێنابووە قوتابخانەکانەوە، ئێمەش لەبەر رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی خێزانەکان رامانگرت، چونکە لەوانەیە هەندێک قوتابی نەتوانێت بەشداری بکات و پێی ناخۆشبێت”.

وتیشی، ”لە بری ئەوە بە شێوەیەکی خۆبەخش و ئارەزوومەندانە ترێندی گۆڕینەوەی کتێبمان دانا، چونکە سوودی بۆ قوتابیان دەبێت و ئاستی مەعریفییان بەرز دەکاتەوە”.

باسی لەوەشکرد، ”ترێندەکەیان پێچەوانە کردووەتەوە”، مامۆستایان بە ئارەزوومەندانە کتێب دەبەخشنە قوتابیان و کتێبەکان بابەتی جیاوازی رۆمان و مێژوویین، بە شێوەیەک سوودی بۆ زیاترکردنی زانیاری قوتابیان هەبێت.

”ژمارەیەکی بەرچاوی قوتابخانەکان لە ترێندی گۆڕینەوەی کتێب بەشدارییان کردووە، بەڵام وێنە و ڤیدیۆمان لە سۆسیال میدیا دانەناوە، چونکە لە پێناوی بەخشینی زانست کردوومانە نەک بڵاوکردنەوە”، ئەحمەد محەمەدئەمین وای وت.

باسی لەوەش کرد، ترێندەکە بۆ هەموو تەمەنێکە و مامۆستایان بەپێی تەمەنی قوتابیان کتێبەکانیان بۆ هەڵدەبژێرن.

بۆ دوو نمرەی قوتابییەک پەروەردەی سۆران لیژنەی بەدوادا...

بۆ دوو نمرەی قوتابییەک پەروەردەی سۆران لیژنەی بەدواداچوونی دروستکرد

لە سۆران پەروەردەی ژینگەیی لە قوتابخانەکان پێشکەش دەک...

لە سۆران پەروەردەی ژینگەیی لە قوتابخانەکان پێشکەش دەکرێت