كێ دایخستووە؟

بەهۆی نەدانی کرێی خانوو قوتابخانەیەک لە چۆمان داخرا

+964

ئاکام غەفور- سۆران

دوو رۆژە قوتابخانەیەک لە سەنتەری قەزای چۆمان داخراوە، بە قسەی هاوڵاتیان هۆکاری داخستنەکەشی ئەوەیە، کە بینای قوتابخانەکە موڵکی هاوڵاتییەكە و كرێی پێنەدراوە، بۆیە ئەویش دەرگاكەی داخستووە.

باوكی دوو قوتابیی قوتابخانەكە، كە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە 964ی وت، حکومەت خانووەكەی بە کرێ گرتوە، ئێستا خاوەنی خانووەکە دەڵێت، حکومەت کرێی پێ نەداوە و رێگە نادات چیتر خانووەکەی وەک بینای قوتابخانە بەکاربهێنرێت.

وتیشی، ئەمڕۆ منداڵەکانم نەڕۆشتوون بۆ قوتابخانە و ئەمشەویش بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لە گرووپی ڤایبەری قوتابخانەکە نامەی ناردووە، کە بەیانییش دەوام نییە.

قوتابخانەکە لە گەڕەکی کۆسرەتانە لە سەنتەری قەزای چۆمان، زیاتر لە 200 قوتابی بە دوو دەوامی جیاواز لێی دەخوێنن.

سەرچاوەیەكی دیكە لە كەسوكاری قوتابیانی قوتابخانەكە، ئەمشەو بە 964ی راگەیاند، سبەی لە بەردەم قوتابخانەكە گرددەبنەوە و داوای چارەسەری كێشەكە دەكەن.

لای خۆیەوە ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزای چۆمان، بە 964ـی وت، دڵنیایی دەدەین بە دایک و باوکی قوتابیان کە بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر دەکەین و رێگە نادەین گرفت بۆ خوێندنی قوتابیان دروست ببێت.

وتیشی، “خانووەکەمان لە هاوڵاتییەکە کڕیوە، هەموو رێکارە ئیدارییەکان لە چۆمان و سۆران تەواو کراوە، نووسراوەكە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و لە چەند رۆژی داهاتوو بڕی پارەی پێویست خەرج دەکرێت بۆ کڕینی خانووەکە.

964  چەند جارێک لە رێگای واتساپەوە پەیوەندی کرد بە خاوەنی خانووەکە، بەڵام ئەو کەسە بەردەست نەبوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

قوتابخانەیەکى دیانا بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی داوا...

قوتابخانەیەکى دیانا بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی داواده‌كرێت چۆڵبكرێت