پۆلیسی هەولێر دەگاتە سەرت
ئیتر ئەوە نەما بە ناوی خوازراو سوکایەتی بەهاوڵاتیان بکەیت
964+
ژوولی عەدنان
پۆلیسی هەولێر دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد کە لەرێگەی تیکتۆکەوە سوکایەتییان بە هاوڵاتیان کردبوو.
ئەم دوو تۆمەتبارە بران و بە ناوەکانی (ز.ئ.ح) و (ه.ئ.ح) قسەی نەشیاویان بە خەڵک وتووە و ناوی هاوڵاتیانی زڕاندووە.
کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە 964ـی وت، ”ئیتر ئەوە نەما بە دڵی خۆت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تانە لە خەڵک بدەیت بە ناوی خوازراوەوە، ئێستا پۆلیس دەگاتە سەرت”.
باسی لەوەشکرد، کە پۆلیسی هەولێر ئامێری پێشکەوتووەی هەیە و راستەوخۆ دەگاتە شوێنی ئەو کەسەی بە ئەکاونتی فەیک یان ناوی خوازراوەوە سوکایەتی بە خەڵکی دەکەن.
وتیشی، ” چەند هاوڵاتییەک سکاڵایان لەسەر ئەو دوو برایە تۆمار کردبوو، ئێمەش لەڕێگەی تیمی پێشکەوتووی تەکنیکی خۆمانەوە راستەوخۆ دۆزیماننەوە”.
کارزان ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکان بەپێی ماددی 2ـی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر کراون و رەوانەی دادوەر کران.