بەرگری شارەستانی سۆران داوا دەکات ئەو هاوڵاتیانەی لەم وەرزەدا روو لە ناوچە بەرزەکان دەکەن، پێش کاتژمێر 7ـی ئێوارە بگەڕێنەوە - وێنە: بەرگری شارستانی سۆران
بەرلە کاتژمێر 7ـی ئێوارە بگەڕێنەوە
بەرگری شارستانی سۆران لەڕێی 964ـەوە رێنمایی دەدات بەو کەسانەی روو لە ناوچە بەرزەکان دەکەن
شۆڕش قادری
بەرگری شارستانی سۆران لەڕێی 964ـەوە رێنمایی دەدات بەو هاوڵاتیانەی لەم وەرزەدا روو لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەکەن و داوایان لێدەکات، بەر لە کاتژمێر 7ـی ئێوارە بگەڕێنەوە.
کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، “ئاگاداری هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکەینەوە کاتێک بۆ هەر مەبەستێک روو دەکەنە ناوچە زۆر ساردەکان و سەر شاخەکان بۆ نێو بەفەر، پێویستە بەرلە کاتژمێر حەوتی ئیوارە و بەرلە بەستنی شەقامەکان بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر هەوڵی گەڕانەوە بدەن”.
وتیشی، پێویستە ئۆتۆمبێلەکانیان لەجۆری دەبڵ ئەکسێڵ بێت یان زنجیر بۆ تایەکانیان ببەستن بۆ ئەوەی توشی گیرخواردن نەبن و مەترسی لەسەر گیانیان دروست نەبێت.
کاروان میراودەلی ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ تیمەکانی رێگاوبانی سۆران بەردەوام سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاکانن و تا ئێستا هیچ رێگایەک لەو سنورە نەگیراوە و گرفتی هاتوچۆ دروست نەبووە.
شەوی رابردوو سێ گەشتیاری عەرەب و خێزانێکی خەڵکی شەقڵاوە لە نزیک گوندی وێزەی باڵەکایەتی بەهۆی بەفرەوە گیریان خوارد و دواتر، تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران پێیان گەیشتن و بەبێ زیانی گیانی رزگاریان کردن.