نیگەرانی دروستکردووە

کیلۆ و نیوێک بۆ پشکنین؛ تەحینەکەی ئامێدی دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

قایمقامیەت لە رێگەی کۆمپانیاوە پشکنین بۆ تەحینەکەی ئامێدی دەکات کە لە کارگەکان بەرهەم دەهێنرێ، نرخی پشکنینەکە نیگەرانی لای خاوەن کارگەکان دروست کردووە و بۆ ئەوەی نیگەرانییەکەیان بگەیەنن سەردانی قایمقامیەتیان کرد.

نزیکەی دوو هەفتەیە کۆمپانیەک، بەناوی “ستانداردی نوێ- New Standard Company“ لەگەڵ تەندروستی قەزای ئامێدی، لە کارگەکانی تەحین پشکنین بۆ تەحنیی ئامادەکراوی، یەک کیلۆیی و نیوی کیلۆی تەحینەکان دەکەن، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە 100% تەحینەکە خوماڵییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.12.2024، سڵێمان ئامێدی، خاوەنی کارگەی پرا عیسێ یەکێکە لە کۆنترین کارگەکانی تەحین و زیاترە لە 500 ساڵ کارگەکە بوونی هەیە لە قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، سەرەتا کۆمپانیەکە دەیانووت هەفتەی دووجار پشکنین بۆ تەحینەکە دەکەین و بۆ هەر جارێک کیلۆ و نیوێک تەحین لەگەڵ، 80 هەزار وەردەگرین.

ئەوەش خاوەن کارگەکانی نیگەران کردووە و نارازین، 964 لەگەڵ زیاتر لە سێ خاوەن کارگە قسەی کردووە، ئەوان ئەمڕۆ سەردانی قایمقامیەتی ئامێدیمان کرد، و بریار دراوە کە لەمەبەدوا مانگی یەکجار سەردانی کارگەکە بکرێ بۆ پشکنین، بەڵام نرخی پشکنینەکە هێشتا نیگەرانی لەسەرە و سڵێمان ئامێدی وتی، داوا دەکەین کەم بکرێتەوە.

“نرخی یەک کیلۆ تەحین بە 10 هەزار دینارە لە ئامێدی، تەنیا مام سڵێمان ساڵانە زیاتر لە 70 تۆن تەحینی کونجی بەرهەم دەهێنێ، ئەوە لە کاتێکدا لە سنووری قەزای ئامێدی 27 کارگەی تەحین هەیە، ساڵانە زیاتر لە شەش هەزار  تۆن تەحینی خوماڵی بەرهەم دەهێنن.

تۆڕی 964، چەندجارێک دەربارەی گرفتی خاوەن کارگەکان پەیوەندی بە قایمقامیەت و تەندروستی ئامێدی کرد، ئەوان ئامادە نەبوون هیچ روونکردنەوەیەک بدەن، 964 زانیویەتی، کیلۆ و نیوێک تەحین بۆ پشکنین بۆ ئەوەیە، تا پشکنینی فیزیایی، کیمیایی و بایۆلۆجی بۆ بکەن، بەڵام ئەگەرێک هەیە بڕەکەی بۆ نیو کیلۆ کەمبکرێتەوە و لەبری مانگانە چەند مانگ جارێک پشکنین بۆ تەحینەکە بکرێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

رێگای چوون بۆ تەحینەکەی ئامێدی قڵیشی تێکەوتووە

رێگای چوون بۆ تەحینەکەی ئامێدی قڵیشی تێکەوتووە

تەحینی ئامێدی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت

تەحینی ئامێدی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت