لە پێنج رێگاوە

ئۆتۆبانی بابان بە ناو شاری سلێمانی دەبەسترێتەوە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

شەقامی 100مەتری سلێمانی، كە بە ئۆتۆبانی بابان ناسراوە لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە، لە %66ـی كارەكانی تەواو بووە و سەرپەرشتیاری گشتی شەقامەكەش دەڵێت، “لە ساڵی ئایندە دەست بە رێگاكانی گەیشتن بەناو شار دەكەین و شەقامەكە بە سەنتەری شاری سلێمانی دەبەستینەوە”.

ئۆتۆبانی بابان بە پێنج ناوچەی جیاواز و چەند گەڕەكێكی دیاریكراوی نزیك لە شەقامەكە، بە ناو شار دەبەسترێتەوە و بودجەیەكی تایبەتی لە دەرەوەی بودجەی سەرەكی پڕۆژەكە بۆ تەرخان دەكرێت.

ئەبوبەكر تەیب ئەندازیار و سەرپەرشتیاری شەقامی 100مەتری سلێمانی بە 964ـی وت، “نزیكەی مانگێك دەبێت، دەرخستەمان بۆ رێگاكانی چوونە ناو شار لە شەقامە گشتیەكەوە كردووە، بڕی پێویستی بودجەی تەرخانكراومان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دیاریكردووە، بەنوسراوێك رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كراوە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەكە”.

وتیشی، كارەكانی ئەم پڕۆژەیە پەیوەندی بەئۆتۆبانی بابانەوە نابێت، هەركاتێك بودجەكەی بۆ تەرخانكرا دەست بەرێكارە یاساییەكان دەكەین بۆ جێبەجێكردنی و داوای گوژمەی زیاتر لە 100ملیار دینارمان كردووە بۆ تەواوكردنی سەرجەمی پڕۆژەكە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە پێنج شوێنی جیاوازەوە ئۆتۆبانی بابان دەبەسترێت بە ناو شارەوە، كە هەریەك لە ناوچەكانی كێلە سپی، بەكرەجۆ، كوردستی، تانجەڕۆ و كۆگاكانی ژاڵە دیاریكراون بۆ هاتن و رۆیشتنی شۆفێران.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا كاری قیركردنی شەقامی 100مەتری سلێمانی وەستاوە بەهۆی وەرزی سەرماوە، بەڵام كاری یەكتربڕەكان و كۆنكرێت كردنیان بەردەوامە، پێش سەری ساڵیش ئۆڤەرپاسی رۆیشتن بەرەو هەزارمێرد تەواو دەبێت و دەكرێتەوە، ئەمساڵیش ساڵێكی باشبووە بۆ شەقامەكە و كەمترین رێگریمان هاتووەتە بەردەم.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی، درێژییەكەی 34 كیلۆمەترە، حەوت یەكتربڕ و پێنج ئەندەرپاس و یەك ئۆڤەرپاسی تێدایە، شەقامەكە لە تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ناوچەی دەمركانی سەر رێگای عەربەت، پێكهاتووە لەچوار سایدی دووانی هاتن و دووانی رۆیشتن بەپانی 100 مەتر، لە كۆی 34 كیلۆمەتری شەقامی 100مەتری، 32.25 كیلۆمەتری تەبەقی یەكەمی قیركراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

ئەو تۆڕانەی کارەبا لادەبرێن کە بوونەتە رێگر بۆ پرۆژەی ...

ئەو تۆڕانەی کارەبا لادەبرێن کە بوونەتە رێگر بۆ پرۆژەی شەقامی 100 مەتری