چیرۆكەكەی باسی شتێكی ترسناك دەكات

كورتەفیلمی “زارێ” لە سلێمانی نمایش كرا

+964
دیلان محەمەد جەزا

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 15.12.2024 كورتەفیلمی زارێ لەسەر شاشەی سینەما سالم لە سلێمانی نمایش کرا، پرۆدیوسەری فیلمەكەش باس لەوە دەكات، ئامانجیان ئەوەیە كۆمەڵگە لە مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر ئاگادار بكەینەوە.

964 لە نمایشی یەكەمی كورتە فیلمی زارێ ئامادەبوو، ژمارەیەكی بەرچاوی هونەرمەندان تێیدا ئامادە بوون، كە لە دەرهێنانی سیروان محەمەدە.

ئیڤان فەیسەڵ پرۆدیوسەری فیلمەکە بە 964 وت، كورتەفیلمی زارێ لەلایەن رێکخراوی زارێ بەرهەمهێنراوە، كە یەكەم بەرهەمی رێكخراوەكەیە و باس لە پرسی ماددەی هۆشبەر دەکات، كە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر كۆمەڵگە.

وتیشی، پلانەكە وایە فیلمەكە لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان نمایش بكرێت.

هەروەها هونەرمەند قادر جەلال، كە بەشداریی فیلمەكەی كردووە، ئاماژەی بەوەدا، ئەوانەی فیلمەكەیان بینی، سەرنجی باشیان هەبوو، پێیان وایە فیلمەكە بە شێوەیەكی باش بەرهەمهێنراوە.

ئەكتەرێكی دیكەی فیلمەكە، بنار فایەقە و بە 964ی وت، ناچاربووە لە پێناو فیلمەكە جگەرە بكێشێت، كە هیچ كاتێك نەیكێشاوە، وتیشی، “فیلمەكە كارێكی جوانە و هیوادارم سوودی بۆ كۆمەڵگە هەبێت و هۆشیاریان بكاتەوە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"فیلمی ترسناک دروست بکە، بەڵام بە تێڕوانینێکی کوردی"