نرخی مەڕوماڵات 40% بەرزبووەتەوە
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
گرانی دۆلار نرخی مەڕوماڵاتیشی بەرزکردەوە، ئێستا کیلۆیەک لە گۆشتی ئاژەڵێکی وەکو مەڕ، بە زینەقەپانی، لە پێنج هەزار دینارەوە و گەیشتووەتە حەوت هەزار دینار، واتە بە رێژەی سەدا 40 بەرزبووەتەوە.
محێدین خەیلانی، فرۆشیاری مەڕوماڵاتە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “مەڕی سپی ئەوندە گرانبووە ناکڕدرێت، هۆکاری سەرەکیش دۆلارە، چونکە ئەو حەیوانەی لە دەرێ دێت، هەمووی بە دۆلار دێت، پێشتر کیلۆی بە پێنج هەزار دینار بوو، ئێستا کیلۆی حەوت هەزار دینارە”.
ئەو فرۆشیارە، هۆکارێکی دیکە بۆ گرانی نرخی ئاژەڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی رێگەنادرێت بنێردرێن بۆ خوارووی عێراق.
هەر لەو بارەیەوە، محێدین خەیلانی دەڵێت “پێشتر من رۆژ هەبووە 20 لۆری زیاتر سەر مەڕم ناردووە، بەڵام ئێستا زۆر بە زەحمەتی رۆژێک یەک بۆ دوو لۆری دەنێرم، چونکە رێگە نادرێت و بۆ هەر سەر مەڕێکیش 40 هەزار دینار باجمان لێدەسەنن”.
تۆڕی 964 دەزانێت، گرانی نرخی ئالیک و ئەو پێداویستییانەی ئاژەڵی پێ بەخێودەکرێت هۆکارگەلی دیکەن بۆ گرانی ئاژەڵ.
ئەو گرانیە کاری کردووەتە سەر نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا کە هاوڵاتیان دەیکڕن، ئێستا کیلۆی لە نێوان 16 بۆ 19 هەزار دینارە و وا دەردەکەوێت کە بەرەو بەرزبوونەوە بچێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ژمارەیەک تۆڕی کۆمەڵایەتی وا بڵاوکراوەتەوە کە یەک کیلۆ گۆشتی سوور بۆ 25 هەزار دینار بەرزبووبێتەوە.
شاڵاو عارف بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی بۆ تۆڕی 964ی روونکردەوە، کە ئەگەری بەرزبوونەوەی گۆشت کراوەیە، چونکە نرخی ئالیک و ئەو پێداویستییانەی ئاژەڵی پێ بەخێودەکرێت گرانن لە چاو ساڵانی رابردوو.