تاقیکردنەوە دەکەن
زمانی ئینگلیزی پێشمەرگەکانیشی تووش کرد
964+
شۆڕش قادری
زمانی ئینگلیزی هەر بۆ قوتابیان و خوێندکاران مایەی دەردەسەر و دڵەڕاوکێ نییە، ئێستا پێشمەرگەکانیشی تووش کردووە و دەبێت تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن.
ئەگەر بیرتان بێت رۆژی 3.9.2024 پێشمەرگەکانی فەوجی سێی لیوای 11ی پیادە لە کۆیە، لە بەردەم بینای بارەگاکەیان گردبوونەوە و داوایان كرد هاوکاریی هاوپەیمانانیان بۆ خەرج بکرێت، لەوکاتەدا پێشمەرگەیەک بە زمانی ئینگلیزی نامەیەکی ناڕەزایی خوێندنەوە، دواتر لەسەر شێوازی دەربڕینەکەی و ئینگلیزییە خراپەکەی رەخنەی لێگیرا و هەر لەسەر ئەوەش لەگەڵ دوو پێشمەرگەی تر دەستگیرکران و سزا دران، ئێستا کوێخا و دەمڕاستی هاوپەیمانان واتە ئەمریکا خولی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ ئەفسەران و پێشمەرگە دەکاتەوە و دواتریش ئیمتحانیان دەکات.
سێ پێشمەرگە دەستبەسەر كران
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، ئۆفیسی هاریکاری ئاسایشی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتی ئەو وڵاتە لە هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە، تاقیکردنەوەیەکی زمانی ئینگلیزی ECL بۆ ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام داوە.
عەقید مەجید بادین بەڕێوەبەری بەشی تەکنەلۆجیا و زمانەکان لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، “ئەو تاقیکردنەوەیە تایبەت بووە بەو ئەفسەر و کارمەندانەی کە پێشتر خولی زمانی ئینگلیزیان بینیوە.”
دەوترێت ئەو خولانە لەلایەن ئەمریکاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێن، بۆئەوەی توانای ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە بەرز بکرێتەوە لەڕووی فێربوونی زمانەکان، تاوەکو لە داهاتوودا بەشداری لەو خولانە بکەن، کە لە دەرەوی هەرێم بەڕێوەدەچن.
پێشتریش وەزارەتی پێشمەرگە سەرجەم پێشمەرگە و ئەفسەر و کارمەندانی یەکەکانی سەر بە وەزارەتەکەی ئاگادار کردووەتەوە، کە خولی زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، فەڕەنسی و خولی پراکتیکی فێربوونی کۆمپیوتەر دەکاتەوە.