"سیستمی بەرگری ئاسمانی کەوتە دەست"
هەسەدە لە فورات هەوڵی دزەکردنی گروپە چەکدارەکانی پوچەڵ کردەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” سیستمی بەرگریی ئاسمانی سوریای کەوتەدەست و لە دێرەزوورەوە گواستیەوە بۆ حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، میدیا خۆجێی دەڵێ، هاوکاتی ئەو گواستنەوەیە لە فوڕات هەسەدە هەوڵی دزەکردنی گروپە چەکدارەکانی پوچەڵ کردەوە.
سیستمە بەرگرییەکە لەسەر چوار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەگوازرێنەوە، روون نییە سیستمەکە دروستکراوی کام وڵاتە، چونکە ئێران و روسیا هەمان سیسستمەیان بە سوریا داوە، ساڵی رابرود تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران وتی، لەمیانی سەردانی شاندێكی باڵای سەربازی سوریا “سەردەمی بەشار ئەسەد” بۆ تاران، هەردوولا گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ ئەوەی ئێران سیستمی بەرگری ئاسمانی، كە بە 15 خرداد ناسراوە، هەروەها سیستمی جەنگی ئەلیكترۆنی بە دیمەشق بدات.
ئەوە لە کاتێکدا و لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکان، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ، گروپە چەکدارەکان کە بەنزیک لە تورکیا ناسێندراون، مانشیتی میدیا خۆجێیەکانی رۆژئاوای کوردستانە، هاوار نیوز نوسیوویەتی، “لە دوێنیوە گروپە چەکدارەکان هێرشەکانیان بۆ سەر دەوروبەری پردی قەرقۆزاک لە قەزای فورات دەستپێکردووە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش رووبەڕووی ئەو هێرشانە دەبنەوە”.
ئاژانسەکە دەڵێت، کۆمەڵێک چەکدار، لەناو بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی توکیا، هەوڵیاندا پردەکە بپەڕنەوە، بەڵام شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ناچاریان کرد پاشەکشە بکەن.
گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەست ئاژانسەکە کەوتووە دەریدەخات کە چۆن ئەو بەرگریەی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات نیشانی دەدەن، گروپە چەکدارەکانی دەوروبەری پردی قەرقۆزاک ناچار بە پاشەکشە دەکات.