دەزانیت بەتەمەنترین یاریزانی تۆپی پێ کێیە؟ 56 ساڵە

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

کازیوشی میوڕای ژاپۆنی درێژە بە ژیانی پیشەگەری خۆی لە جیهانی تۆپی پێ ده‌دات، هه‌رچه‌نده‌ مانگێکی دیكه‌ ده‌بێته‌ 56 ساڵ.

میوڕا، كه‌ یاریزانی یانه‌ی یۆكۆهامای ژاپۆنییه‌، له‌ نوێترین وێستگه‌ی یاریكردنیدا، به‌ شێوه‌ی خواستن روویكرده‌ یانه‌ی ئۆلیڤێرنسی پۆرتوگال.

ئۆلیڤێرێنس لە خولی پلە دووی پۆرتوگالی یاریی ده‌كات، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لە خولی پلە سێی پۆرتوگال سەرکەوت.

یاریزانەكه‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن، وەک یاریزانێکی پیشەگەر 38 وه‌رزه‌ یاریی ده‌كات، له‌ خوله‌كانی ژاپۆن، ئوستڕالیا، بەڕازیل، ئیتالیا و کرواتیا یاریی كردووه‌ و ئێستاش به‌رده‌وامه‌.

“شا کازۆ” نازناوی کازیوشی میوڕایه‌، كه‌ لە ساڵی 1986 لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی دەستی بە ژیانی وەرزشی کرد، کاتێک ژاپۆن لەو کاتەدا خولی تایبەتی خۆی نەبوو، بەو پێیەی بۆ ماوەی چوار ساڵ لە بەڕازیل بەردەوام بوو، لەگەڵ شەش یانە یاریی کردووە، لەوانەش سانتۆس و پالمێراس.

میوڕا له‌ 1994 وه‌ك یه‌كه‌م یاریزانی ژاپۆنی له‌ خولی ئیتالیا له‌ یانه‌ی جێنه‌وا یاریی كردووه‌.

تاكه‌ خاڵی به‌دبه‌ختی ژیانی وه‌رزشیی میوڕا ئه‌وه‌یه‌، له‌ هیچ مۆندیالێك به‌شداریی نه‌كردووه‌، ئه‌و تا 1998 له‌ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی بوو، به‌ڵام له‌ پێكهاته‌ی كۆتایی بۆ به‌شداریكردن له‌ مۆندیال دوورخرایه‌وه‌.