دیمەنێک لە دەروازەی قەزای شارەزوور _ وێنە: 964
قایمقامیەتی شارەزوور وا دەڵێت
“داواکاری گشتی و لایەنەکان رێککار بۆ بۆنە ناخۆشەکە ناگرنەبەر”
964+
ئەحمەد مستەفا
قایمقامیەتی شارەزوور دەڵێت، بەهۆکاری ئەوەی سەرچاوەی ئەو بۆنەی کە جار جار روو لە قەزاکەیان دەکات لە سنوورەکەیان نییە، راستەوخۆ نەیانتوانیوە ئیجرائات بکەن و لایەنە ئیدارییەکان و داواکاری گشتیش رێکاری پێویستیان نەگرتووەتەبەر.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 6.12.2024، جارێکی دیکە دانیشتووانی قەزای شارەزوور نیگەرانی خۆیان لە بوونی بۆنی گاز و پاشماوە دەربڕی، سۆشیال میدیاکان پڕ بوون لە ناڕەزایەتی.
قایمقامیەتی قەزاکە ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، هاوڵاتییانی قەزای شارەزوور ئەمرۆ 6.12.2024 جارێکی تر هەراسان کران بەبۆنێکی ناخۆش، کە بووەتە مایەی بێزاری و پیسبوونی ژینگە، بۆیە لەسەرەتای دروستبوونی ئەم بۆنەوە هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ نەهێشتنی و بنبڕکردنی.
قایمقامیەت دەڵێ، چونكە سەرچاوەی ئەو بۆنە ناخۆشە لە سنووری کارگێری قەزای شارەزوور نیەم راستەوخۆ نەیان توانیوە، ئیجرائات بکەین بۆیە بەتەلەفۆن و نوسراو قایمقامیەتی سلێمانی و ناحیەی عەربت و بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی و داواکاری گشتیمان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام رێکاری پێویست نەگیراوەتەبەر.
قایمامیەت داوا دەکات، لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت داواکاری گشتی رێکاری پێویست بگرنەبەر، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان، تا چیتر تەندروستی و ژینگەی هاوڵاتیانی قەزاکەی نەشێوێنرێ و پیس نەکرێت، کە لە 11.11.2024 و 3.12.2024 دووجار نوسراو کراوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
کارگە کۆمپانیاکانی چەمی تانجەرۆ لە نزیک ناحیەی عەربەت بە گومانی بۆنی گاز و پاشماوە لە قەزای شارەزوور دەزانرێ، ناوچەکە دەکەوێتە رۆژئاوای شارۆچکەی عەربەت، بۆنی دوکەڵ و پاشماوە کاتێک لەگەڵ شەپۆلی هەوا تێکەڵ دەبێت بۆنەکە بە دووری چەندانی کیلۆمەتر بۆ قەزای شارەزوور دەگوازرێتەوە.