مەترسییە بۆ عێراق و هەرێمیش
ئەگەری بەهێز هەیە هێزەکانی جۆلانی و داعش یەکبگرنەوە
964+
ژووری هەواڵ
ئەبومحەمەد جۆلانی فەرماندەی دەستەی تەحریری شام، ئەمڕۆ لە بەردەم قەڵای حەلەب پەیامێکی مەترسیداری نارد، لەو کاتەی دەچووە ناو ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەرزکردەوە و وتی، ” خەڵکی حمس خۆتان ئامادەبکەن، خەڵکی شام خەڵکی دەرعا خەڵکی دەیرزور، بەهیوای سەرکەوتنی تەواو ئیشەڵا”، ئەم پەیامەی جۆلانی چ مانایەکی هەیە؟
بەرەو دەیرزور، بەرەو داعش
هێزەکانی جۆلانی لەماوەی یەک هەفتەدا دوو شاری زۆر گەورە و ستراتیژی سوریایان گرتووە، یەکەمیان حەلەبە و دووەمیان حەمایە، کە لە ئان و ساتدایە بەتەواوی بکەوێت، جۆلانی بەو پەیامەی رایگەیاند، کە دوای ئەو دوو شارە نیازی کوێی تریان هەیە.
حمس و شام و دەرعاو دەیرزور، هەموویان لە شارە سوننە نشینەکانن، بەڵام لەناو هەموو ئەوانەدا دەیرزوور لە هەموویان مەترسیدارترە، هەم بۆ هەرێم و عێراق و هەم بۆ خۆرئاوای کوردستان.
دەیرزور دەکەوێتە خۆرئاوای فورات و نزیکترین خاڵە لە سنووری عێراقەوە بە دیوی بوکەمال و قائیم و هەردوو پارێزگای ئەنبارو موسڵ، کێشەکە ئەوەیە هێشتا لە دەوروبەری دەیرزور داعش ماون، دوور نییە لەوێ داعش و ئەحرار یەک بگرنەوە، چونکە ئەحرار شام بەشێک لە پێکهاتە سەرەکییەکەیان نوسرەیە، نوسرەو داعش پێکەوە تەبان.ئەمە مانای چییە؟
ئەگەر ئەو سیناریۆ مەترسیدارە رووبدات ئەوا هێزە نوێیەکە بە تەواوی لە سنووری عێراق و هەرێمی کوردستان نزیک دەبنەوە و هەر وەک چۆن دەبنە دراوسێیەکی ”ئێسک قورس”ی ئیدارەی خۆسەری خۆرئاوای کوردستان، دوور نییە تووشی شەڕ و پێکداهەڵپژانی راستەخۆ بن لە نێوان داعش و ئەحرار لەلایەک و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەکی تر رووبدات.
لە یەکەم رۆژی ئەم گۆڕانکارییە تازانەوە عێراق هێزێکی زۆری بردووەتە سەر سنوور و لەم سیناریۆ مەترسیدارە دەترسا، کە ئێستا خەریکە روودەدات.