بەشێکی زۆری قوتابخانەکان بایکۆتییان کردووە
بەهۆی بایکۆتەوە تاقیکردنەوەکانی پەروەردەی پێنجوێن نافەوتێت
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
لە دوێنێوە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی قەزای پێنجوێن دەستیان بە بایکۆت کردووە و قوتابیان دەنێرنەوە بۆ ماڵەوە و هۆکارەکەش تەنها نەبوونی موچەیە.
هێمن ئیبراهیم قایمقامی قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، وەک بەشێکی زۆری ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی مامۆستایانی بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی قەزای پێنجوێن بایکۆتی هۆڵەکانی خوێدنیان کردووە.
باسی لەوەشکرد رێژەکە زۆرە و قوتابخانە بنەڕەتییەکان بە تەواوی بایکۆتیان کردووە ئەو پۆلانەشی لە تاقیکردنەوەی 20ەکە ئەنجام دەدەن لە پۆلی چواری بنەڕەتی تا 12ئامادەیی سەرقاڵی تاقیکردنەوەن و تاقیکردنەوەکانیان نافەوتێت.
سەبارەت بە پۆلی 12کان هێمن ئیبراهیم، ئەوەی خستەروو، وا بڕیارە قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەردەوام بن لە خوێندن و دانەبڕێن تاوەکو لە مەنهەج دوا نەکەون.
بەشێکی زۆری مامۆستایانی قەزای پێنجوێن لە دەرەوەی قەزاکە دێن و بەشێکیشیان لە گوندەکان وانە دەڵێنەوە و هێمن ئیبراهیم لەمبارەیەوە وتی، ئەو مامۆستایانە باسیان لەوە کردووە بەهۆی نەبوونی مووچەوە ناتوانن کرێی هاتوچۆ دابین بکەن و دەشڵێن تاوەکوو موچە نەدرێت ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
ساڵی رابردووش بەهۆی نەبوونی موچەوە مامۆستایانی قەزای پێنجوێن نەچوونە هۆڵەکانی خوێدندن بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ و داوای موچە و دامەزراندیان دەکرد.
لە ناو سەنتەری قەزای پێنجوێن 12قوتابخانە هەیە و دوو دەوامیان تێدا دەکرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر