لە دەرگای چوونەژوورەوەدا گیرا
ویستی 640 لیتر پاککەرەوەی ماوەبەسەرچوو لە رانیە ساغ بکاتەوە
964+
شۆڕش قادری
بازرگانێک ویستی 640 لیتر پاککەرەوەی ماوەبەسەرچوو لەناو بازاڕی رانیە ساغ بکاتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان وشیار بوون و پێش ئەوەی داخلی شار بێت، دەستیان بەسەرداگرت و لەناویانبرد.
کارزان سلێمان سەرپەرشتیاری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە بە 964ـی وت، “لێژنەکانمان بە هاوبەشی بەشی ئابووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەرین بڕی 32 دەبەی بیست لیتر مەوادی پاککەرەوەیان تەلەفکرد کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین دەستی بەسەرداگیرابوو”.
“هاوڵاتیەک دەیویست لەبازاردا ساغی بکاتەوە بەڵام، پێش ئەوەی داخلی شار بێت، لە خاڵی پشکنینی هاتنەناوەی رانیە، هێزە ئەمنییەکان پێیانزانی و دەستیان بەسەرداگرت”، کارزان سلێمان وای وت.
ئاشکراشیکرد، بازرگانەکەش دەستگیر کرا و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
وەک لەو وێنەکاندا دەردەکەوێت قایمقامیەتی رانیە ئەو مەوادەی لەناو ژینگەدا رشتووە و لەناو بردووە، سەبارەت بە ئەگەری زیان گەیاندن بە ژینگە، کارزان سلێمان وتی، “ئەو مەوادە دوور لە ئاوەدانی و لە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاک لەناوبراوە و چونکە مەوادی پاککەرەوەیە، لەوبڕوایەدا نین زیان بە ژینگە بگەیەنێت”.