"لیژنەی باڵای ئەمنيی پارێزگای سلێمانی"
ئۆتۆمبێل و ماتۆڕی بێ سەرەتا دەستی بەسەردا دەگیرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیژنەی باڵای ئەمنی لە پارێزگای سلێمانی هۆشداریی دا لەوەی ئیتر لە تەحەمولیان نەماوە و ئیتر هەر ئۆتۆمبێل و ماتۆڕێكی بێ سەرەتا بكەوێتە بۆسەیان دەستی بەسەردا دەگرن.
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2.12 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، لە سبەیەوە هەر سوارڕەوێك “ئۆتۆمبێل و ماتۆڕی بێ سەرەتا” دەستبەسەردا دەگرن، چونكە رووی ئەمنی، یاسایی و تاوانكارییەوە كاریگەریی خراپیان دروست دروست كردووە.
دەقی راگەیاندراوەكە بەم جۆرەیە:
بۆ رای گشتی:
ئاشکرایە لەلای هەمووان کەلەئێستادا بوونی سوارڕەوی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جام ڕەش بە شێوەیەکی نایاسایی خەریکە دەبێتە دیاردەیەک لەسەر شەقامەکان کە بێگومان ڕەنگدانەوەی نەرێنی دروست دەکات لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی بەدەر لەوەش لە ڕووی ئەمنی و یاسایی و تاوانکارییەوە کاریگەری خراپ و لێکەوتەی مەترسیداری هەیە، لە چوارچێوەی ئەم ڕاستییە لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا بە: –
1- دەست بەسەرداگرتن و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر جۆرە سوارڕەوێکی نایاسایی، ( بۆ خاوەنەکانیان هەیە کە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان) و سەرجەم بازگەکان دەستکراوە دەبن و رێگە نادەن دوای بڵاوکردنەوەی ئەم بڵاونامەیە لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک هیچ جۆرە سوارڕەوێکی بێ سەرەتا بێتە ناو شاری سلێمانی.
2- گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر جۆرە سوارڕەوێک کە هەڵگری تابلۆی ساختەو نایاسایی بێت.
3- هیچ ڕێگەپێدان و نووسراوێک لە هەر لایەنێک جگە لە بەڵگەنامەی فەرمی و یاسایی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە دەرکراوە کاریان پێ ناکرێت.
4- جێبەجێکردنی ئەم بڵاونامەیە گوزارشت دەکرێت لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و سەپاندنی باری ئارامی و سەروەری یاسا و نەهێشتنی هەموو دیاردە دزێوەکان داواکارین لەم پرسەدا دەزگاکانی ڕاگەیاندن هاوکارمان بن شان بە شانی ئەوانیش هاوڵاتییانی بەڕێز و خۆشەویست.
لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی
ئەمشەو قەدەغەی هاتوچۆ لە ناو پارێزگاكان هەڵدەگیرێت