دۆخى سوریا ئاڵۆزە
وەزیرى دەرەوەى ئێران دەچێتە سووریا
964+
وریا فەتاح
گرژییەکانى سووریا، ئاراستەى سەفەرەکەى وەزیرى دەرەوەى ئێرانى لە ئەنقەرەوە بەرەو دیمەشق گۆڕى و بڕیارە سبەینێ یەکشەممە بچێتە سووریا.
وەزارەتى دەرەوەى ئێران بڵاوى کردەوە، بەهۆى شەڕو گرژییەکانى سووریا، سبەینێ یەکشەممە، عەباس عێراق چى وەزیرى دەرەوە، بەرەو دیمەشق دەچێت.
ئیسماعیل بەقائى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران لەبارەى سەردانەکەى عێراقچى بڵاوى کردووەتەوە، هەرچەند بڕیار بوو سەردانى تورکیا بکات، بەڵام سبەینێ دەچێتە دیمەشق و دواتر سەردانى تورکیا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، لە شارى حەلەبى سووریا هێرشکرایە سەر قونسوڵخانە ئێران، هەرچەندە وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە ئاشکراى کردووە کە سەرجەم کارمەندانى کونسوڵخانەکەیان سەلامەتن، بەڵام وەک ئەوەى وەزارەتى دەرەوە خستوویەتییەڕوو، عەباس عێراقچى، پەیوەندییەکى لەگەڵ هاوتا رووسییەکەى سێرگى لاڤرۆڤ ئەنجامداوە و ئاگادارى کردووەتەوە کە هێرشەکان بەشێکن لە پلانێکى ئیسرائیلى – ئەمەریکى بۆ تێکدانى سەقامگیرى ناوچەکە.