گەشکە لەناو منداڵانی سلێمانی زۆر بووە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
گەشکە لەناو منداڵانی سلێمانی زۆر بووە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان دەڵێت: لەدایکبوون بە شێوازی نەشتەرگەری هۆکاری سەرەکییەتی.
تۆڕی964 بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەزانێت، رۆژانە زیاد لە حاڵەتێکی گەشکەی منداڵ تۆمار دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی دەست تۆڕی964 کەوتوون، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 800 منداڵ بە هۆکاری جیاواز لە نەخۆشخانەکەی منداڵانی سلێمانی گەشکەیان گرتووە، تەنیا لە ساڵی رابردووش، واتە لە 2022، زیاتر لە 150 منداڵ گەشکەیان گرتووە.
د.پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە شاری سلێمانی بە تۆڕی964ی راگەیاند: حاڵەتەکانی گەشکە زۆر بوون، کە هۆکاری سەرەکی لەدایکبوونی منداڵە بە شێوەی نەشتەرگەری.
گەشکە کێشەیەکە لە سیستمی کارەبایی مێشکدا، کە هۆکاری گۆڕانکاری کورتخایەنە لە جوڵە و رەفتار و ئاگاییدا، کە چەند چرکەیەک یان چەند خولەکێکی پێدەچێت.
“سەرمای زۆر و تای بەرز و ماندووێتى زۆریش حاڵەتەکانی گەشکە لە منداڵدا دروستدەکەن”، پشدەر عەبدوڵلا وای وت.
دەشڵێت: پێویستە لە حاڵەتی گەشکەی منداڵدا زوو بگەیەندرێتە لای پزیشک.