بۆ خێرا دابەشكردنی زەوی وۆركشۆپێک بەڕێوەچوو

وەزیری شارەوانیی هەرێم: “كەمتەرخەمی لە كەس قبوڵ ناكەین”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وۆرکشۆپی خێراکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەولێر بەڕێوەچوو، وەزیری شارەوانیی هەرێمی كوردستانیش رایگەیاند ئەو گرفتانەی لە هەندێك شارەوانی لە دابەشكردنی زەوی دروست بووە، چارەسەر بكرێت.

وۆركشۆپەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.11.2024 بە سەرپەرشتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی بەڕێوەچوو.

وەك لە راگەیاندراوی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، وۆرك شۆپەكە بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە  ووی پلانسازییەوە بەسەر فەرمانبەراندا بەمەبەستی خێراکردنی پرۆسەکە سازكرا، كە راوێژکاران و بەڕێوەبەرانیی گشتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆک شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانیی گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداربوون.

وەزیری شارەوانی لەمبارەیەوە وتی،  وۆرکشۆپەكە بۆ بەدواچوونە بۆ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەمەبەستی خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەیە، کە لە هەندێک شارەوانیدا هەن.

“هەندێك لە شارەوانییەكان مەودایەكی باشی كاركردنیان بڕیوە تا ئاستی دابەشكردنی ژمارەی زەوییەكان بەسەر فەرمانبەراندا”، ساسان عەونی وای وتووە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، دەبێت ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجەکانی بگات و ئەو گرفتانەی لە هەندێک شارەوانیدا هەن، پێویستە بەزوویی چارەسەر بکرێن و پرۆسەکە خێراتر بکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە، زەوی وەربگرن.

وەزیری شارەوانی ئەوەشی وتووە، “بەهیچ شێوەیەک کەمتەرخەمی قبوڵ ناکرێت و بەردەوام بەدواچوونی ئەو پرۆسەیە دەکەین بۆ ئەوەی بڕیارەکەی حکومەت بە ئامانجەکانی خۆی کە پێدانی زەوییە بە فەرمانبەران بگات”.

وۆرکشۆپەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رێکخرا بوو.

لە ئاداری رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بڕیاری دا زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی كوردستان دابەش بكات، كە سوودمەند نەبوونە و تا ئێستاش فەرمانبەرانی چەند وەزارەتێك لە شوێنە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كارتی زەوییەكانیان وەرگرتووە.

کارتی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئامادە دەکرێت

کارتی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئامادە دەکرێت